کاربەدەستان لە بەنگلادێش ڕۆژی شەممە ڕایانگەیاند بەلایەنی کەم 11 کەس گیانیان لەدەستداوە پاش ئەو تەقینەوەیەی کە بەوەدەچێت بەهۆی بۆری گازەوە لە مزگەوتێکی دەرەوەی شاری داکا لە میانەی نوێژی شەوی هەینی ڕوودا.
ڕۆژنامەی داکا تربیون ڕایگەیاند 26 کەس لە بنکەی نیشتمانی شێخ حەسینە چارەسەری سوتاوییەکانیان و نەشتەرگەرییان بۆ دەکرێت.
ئەسلەم حسێن ئەفسەرێکی پۆلیس لە بنکەی پۆلیسی فەتحوڵا ڕایگەیاند بەشێکی زۆری قوربانییەکان لە 60% بۆ 70%ی بەدەنیان سوتاوە.
جێگری بەرپرسی خزمەتگوزاری ئاگرکوژێنەرەوەی بنکەی نارایانگانج، عەبدوڵا عارفین گوتی وادیارە هەر شەش فێنککەرەوەکەی نهۆمی یەکەمی مزگەوتەکە تەقیون. و گوتیشی کاربەدەستانی ئاگرکوژێنەرەوە لەوبڕوایەدان ڕووداوەکە بەهۆی لێچوونی غازەوە ڕوویدابێت.