Accessibility links

ڕێبەری باڵای ئێران: ئیمارات بەهۆی ڕێککەوتنی لەگەڵ ئیسرائیل بۆ هەمیشە شەرمەزار دەبێت


ڕێبەری باڵای ئێران ئایەتوڵا عەلی خامەنەئی ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند، میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب ( ئیمارات) بە ئەنجامدانی ڕێککەوتن بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیلدا خیانەتی لە موسوڵمانان و فەلەستینییەکان کردووە.

خامنەئی لە گوتارێک دا گوتی، "هەڵبەت، خەیانەتی ئیمارات زۆر ناخایەنێت، بەڵام پەڵەیەکی ڕەشە کە هەمیشە بیر دەمێنێت. ئەوان ڕێگایان بە رژیمی زایۆنستی دا کە پێگەی لە ناوچەکەدا هەبێت و فەلەستینییەکانیان لە بیرکرد".

گوتیشی بەو خیانەتە لە دژی جیهانی ئیسلام و وڵاتانی عەرەبی و فەلەستینییەکان، میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەبی بۆ هەمیشە ئابڕوی چوو.

ئەم قسانەی خامەنئی لە کاتێکدایە کە خەڵکێکی ئەم هەنگاوەی ئیمارات بە سەرەتایەک بۆ قۆناغێکی نوێی پەیوەندییەکانی ئیسرائیل لەگەڵ وڵاتانی عەرەب دەزانن، بەڵام ئێران ڕێککەوتنی عەرەب و ئیسرائیل بە مەترسییەکی گەورە بۆ سەر ڕژێمەکەی دادەنێت.

لە مانگی ڕابوردوو بە هاوکاری ئەمەریکا ڕێککەوتنێکی ئاشتی لە نێوان ئیمارات و ئیسرائیل مۆر کراو بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان و کردنەوەی باڵیۆزخانەی یەکتر لە وڵاتەکاندا.

هەر بۆ ئەو مەبەستەش یەکەم گەشتی ئاسمانی نێوان هەردوو وڵات ئەنجام درا کە شاندێکی ئەمەریکایی بە سەرۆکایەتی ڕاوێژکاری کۆشکی سپیشی تێدابوو.

جارید کوشنەر لە لێدوانێکیدا بۆ پەیامنێران، بەر لەوەی سواری فڕۆکەکە ببێت ڕایگەیاند " لە کاتێکدا ئەم سەردانە، سەردانێکی مێژووییە، هیوادارین سەرەتای سەردانی زیاتری مێژوویی بێت بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سنورەکانی دوای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش."

ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئیسرائیلیش گوتی "خۆشحاڵە بەم سەردانە و ئامانجیش لێی دانانی بەردی بناغەی هاوکارییە لە بوارەکانی گەشتوگوزار و بازرگانی و تەندروستی و تەکنەلۆژیادا."

فڕۆکەکە بە ئاسمانی شاری ڕیاز پایتەختی عەرەبستانی سعودیەشدا تێپەڕیوە.

XS
SM
MD
LG