Accessibility links

خۆپیشاندەرێکی ئەنتیفا گومانبارە بە کوشتنی لانگرێکی ترامپ لە شاری پۆرتلاند


بۆ یەکەمجار کەسێک کە خۆی بە ئەندامی ئەو بزووتنەوە چەکدارەی کە بە ئەنتیفا (کورتکراوەی دەژە فاشیسم) ناسراوە، لە تەقەکردنێکی کوشندەدا تێوەدەگیرێ و بە پێی ڕاپۆرتەکان بەهۆی کوشتنی لایەنگرێکی سەرۆک دانۆڵد ترامپ لە ڕۆژی شەممە لە پۆرتلاندی ئۆریگۆن لەژێر لێکۆڵینەوەدایە.

ئەو بزووتنەوە ناڕازییە چەپڕەوە لە ڕابردوودا پەنای بۆ توندوتیژی بردووە لە دژایەتی کردنی گروپە توندڕەوە ڕاستڕەوەکان بەڵام کاری کوشتنی نەکردبوو.

قوربانیەکە بە ناوی ئارون جەی دانیالسۆن لەکاتی شەڕ و پێکدادانی توندوتیژی نێوان ئەندامانی گروپێکی ڕاستڕەو بەناوی Patriot Prayer و خۆپیشاندەرانی دژ کە بریتی بوو لە ئەنتیفاکانیش، گوللە لە سنگی درا.

پۆلیس لێکۆڵینەوەی دەستپێکردووە بەڵام ناوی گومانبارێکی ئاشکرا نەکردووە. بەڵام گەورەترین ڕۆژنامەی پۆرتلاند، بە ناوی The Oregonian ، ڕایگەیاندووە مایکڵ فۆرێست ڕینۆهل‌ی تەمەن 48 ساڵان ، لەلایەن خوشکەکەیەوە بە چەکدارەکە لەقەڵەم دراوە.

خوشەکەکەی بە ڕۆژنامەکەی ڕاگەیاندووە " ئێمە پەیوەندیمان بە پۆلیسەوە کرد و پشتڕاستمان کردەوە کە مایکڵمان لە وێنەکاندا ناسیوەتەوە."

کاتێکد داوای پشتڕاستکردنەوە لەسەر ئەوە لێکۆڵێنەوەیە کرا، گوتەبێژێکی بیرۆی پۆلیسی پۆرتلاند بە ڕێگای ئیمێل ڕایگەیاند " ئەمە لێکۆڵینەوەی کوشتنە و لێکۆڵەران چالاکانە بەدواداچوون بۆ دۆسێکە دەکەن".

FBI ڕایگەیاند پشتگیری لە لێکۆڵینەوەکە دەکات.

براین لیڤین بەڕێوەبەری سەنتەری لێکۆڵینەوەی ڕق و توندڕەوی لە زانکۆی ویلایەتی کالیفۆرنیا دەڵێت ئەگەر ڕینۆهل دەستی لە کوشتنەکەدا هەبێت ئەمە یەکەمجار دەبێت لەم ساڵانەی دواییدا پشتیوانێکی ئەنتیفا بە کوشتنی کەسێک تاوانبار بکرێت.

لڤین گوتیشی " بە پێچەوانەی ئەوانەی کە باڵادەستی سپی پێستەکانیان دەوێت، کە توندوتیژی تاکەکەسی و بە کۆمەڵی بچووک لە دژی کەمینەکان و دوژمنان ئەنجام دەدەن، بەگشتی توندوتیژی چەپە توندەکان کەمتر کوشندە بووە و زیاتر ئاراستەی موڵک و ماڵ، نەژادپەرستەکان و تا ڕادەیەکی کەمتر یش پۆلیس و ڕۆژنامەنوسان دەکرێت.

گاری لافری سەرۆکی بەشی تاوانناسی زانکۆی مێریلاند ڕایگەیاند لەوانەیە دۆسێکە لە بنکەی جیهانی تیرۆریزمی زانکۆکەدا وەک یەکەم کاری تیرۆر کە پەیوەندی بە ئانتایڤا هەبێت ، تۆماربکرێت.

ئەم دۆسێیە لە کاتێکدا دێت کە سەرۆک ترامپ بەردەوامە لە تۆمەتبارکردنی ئەنتیفا و گروپە چەپە ڕادیکاڵەکانی تری کەلە پۆرتلاند و شوێنەکانی تر هانی توندوتیژی دەدەن، و سەرنج دەخاتە سەر سیاسەتەکانی لەسەر تاوانکاری و بە دەنگدەرانی دەڵێت ئەوان لە ئەمەریکای جۆو بایدنی کاندیدی دیموکراتەکاندا پارێزراو نابن.

لە بەیاننامەیەکی کە ڕۆژی دووشەممە بڵاوکرایەوە بایدن توندوتیژییەکانی پۆرتلاندی شەرمەزار کرد.

بایدن گوتی" ئەو توندوتیژیە کوشندەی لە پۆرتلاند بینیمان ، مایەی قبوڵکردن نییە. تەقەکردن لە شەقامەکانی شارێکی مەزنی ئەمەریکا قبوڵ ناکرێت. من ئەم توندوتیژیە بە بێ هیچ گومانێک شەرمەزار دەکەم."

بەڵام ترامپ، ترامپ ئاماژەی بەوە کرد کە بایدن لە شەرمەزارکردنەکەدا ناوی ئەنتیفا نەهێناوە. ترامپ لە کۆشکی سپی بە پەیامنێرانی گوت " بڕواناکەم نای وشەی ئانتیفای هێنابێت. ئەنتیفا ڕێکخراوێکی تاواننکارییە."

لە مانگی پێنجەوە لەوەتای مردنی جۆرج فلۆیدی تەمەن 25 ساڵانی ئەمەریکایی بە ڕەچەڵەک ئافریکی کاتێک لەلایەن پۆلیسەوە قۆڵبەست کرابوو، پۆرتلاند بۆتە شوێنی ناڕەزاییە توندوتیژەکان، ئەمەش وای کرد حکومەتی فیدراڵی هێزی چەکداری ڕەوانەی شارەکە بکات بۆ پاراستنی باڵەخانەیەکی دادگای فیدڕاڵی کە دەوروبەری بە خۆپیشاندەران گیرابوو.

ڕۆژی شەممە توندوتیژییەکانی پۆرتلاند زۆر زیادی کرد کاتێک کاروانێکی ئەندامانی گروپی Patriot Prayer و لایەنگرانی ترامپ بەناو پۆرتلانددا دەسوڕانەوە ئەمەش بووە هۆی پێکدادان لەسەر شەقامەکان لەگەڵ خۆپێشاندەرانی بزوتنەوی ژیانی ڕەشپێستەکان گرنگە.

XS
SM
MD
LG