Accessibility links

قوربانیانی زریانی لۆرا هەوڵی دۆزینەوەی شوێنی نیشتەجێبوونی کاتی دەدەن


لە کاتێکدا تیمەکانی بەهاناچوون لە باشووری ڕۆژئاوای ویلایەتی لویزیانا بۆ دووهەم ڕۆژە بەردەوامن لە هەوڵەکانی گەڕان و ڕزگارکردن، وێنەیەکی ڕوونتری ئەو زیانانەی بەهۆی زریانی لۆراوە کەوتونەتەوە، دەردەکەوێت.

ویلایەتەکە تا ئەندازەیەک ئارامبۆوە کاتێک دەرکەوت ژمارەی گیان لە دەستدانەکان زیاتر نەبووە. لە ئێستادا ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی زریانەکەوە گیانیان لەدەستداوە 11 کەسن، بەڵام زیانەکانی ناوەندی دانیشتوان وەک دەریاچەی چارلز، ئەو شارەی کە ژمارەی دانیشتووانی 80 هەزار کەس دەبن، زۆرە. باڵەخانەکانی ناو شار وێران بوون، هەموو گەڕەکەکان وێران بوون و نزیکەی 900 هەزار ماڵ و شوێنی دوکان و بازاڕ لە ویلایەتەکەدا بێ کارەبایان بڕاوە.

دانیشتوان سەرقاڵی خەمڵاندنی زیانەکانیانن، بەڵام لەوانەیە چەندین ڕۆژ، هەفتە یان مانگی پێبچێت تا زۆبەی خەڵکی لویزیانا بتوانن بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.

دۆزینەوەی شوێنی نیشتەجێبوونی کاتی دوای کارەساتێک هەرگیز ئاسان نییە، بەڵام ژمارەیەک لە قوربانیانی زریانەکە دەڵێن پەتامی ڤایرۆسی کۆرۆنا بارودۆخەکەی سەختتر کردووە.

شاری دەریاچەی چارلز لە لیوزیانا
شاری دەریاچەی چارلز لە لیوزیانا

مێری گوتۆسکی خانەنشین کە کەمتر لە مانگێک پێش ئێستا لە ئۆستنی تەکساسەوە چوو بۆ دەریاچەی چارلس گووتی " من و هاوسەرەکەم هەردووکمان تەمەنمان لە شەستەکاندایە، من لە ساڵی ڕابردوودا سێ جار لە نەخۆشخانە بووم، هەردووکمان زۆر نیگەرانین لەوەی کە لە قەرەباڵغی دەرکەوین و توشی ڤایرۆسەکە بین. بەڵام نەمانتوانی لە ماڵ لە کاتێک زریانێکی پلە چوار ڕووی دەدا لە ماڵەوە بمێنینەوە. چیمان بکردایە؟"

گوتوسکی و هاوسەرەکەی جانتایەکیان پێچایەوە کە شتیان بەشی چەند ڕۆژێک تێکرد و دەمامکەکانیان پێچاو بەرەو باکوور ڕۆشتن بەوهیوایەی کاریگەری زریانەکە لەوێ کەمتربێت. ئەوان توانیان خۆیان ڕزگاربکەن بەڵام جێهێشتنی ماڵەکەیان لە دەمی پەتای کۆرۆنا ئاستەنگی خۆی هەیە.

گوتوسکی لە کاتێکدا بە زۆر فرمێسکەکانی ڕاگرتبوو بە دەنگی ئەمەریکای گوت " نیگەرانییەکی زۆرمان هەیە و زۆر گریاوین."

گوتی کاتێک کە ڕۆژێک پێش زریانەکە ماڵیان بەجێهێشت، هیچ شوێنێکیان نەبوو بۆ ڕۆیشتن. گوتۆسکی و مێردەکەی دەستیان کرد بە لێخوڕین و دەستبەجێ تێبینیان کرد کە زۆر بەنزینخانە و چێشتخانە سەرپێیەکانی ڕێگە بەهۆی ڤایرۆسەکەوە داخراون. ئەو گوتی " ئێمە بەختەوەربوین کە ماشێنەکەمان پڕ بوو لە بەنزین ئەگینا ڕەنگە نەمانتوانیبا زۆر دووربکەوینەوە."

هەکبێری لیوزیانا لە دەمی زریانی لۆرا
هەکبێری لیوزیانا لە دەمی زریانی لۆرا

بە شێوەیەکی ئاسایی لە کاتی کارەساتە سروشتییەکاندا، شارەکان پەناگە فریاگوزارییەکان دروست دەکەن. بەڵام بەهۆی پەتای کۆرۆناوە، ترس هەیە کە ڤایرۆسەکە لەو جۆرە نزیککەوتنەوانەدا بڵاوبێتەوە. لە جیاتی ئەوە، حکومەتەکانی ویلایەتەکان هەوڵیان دا هەزاران ژووری هۆتێل لە تەکساس و لویزیانا بۆ ئەو کەسانە دابین بکەن کە ماڵەکانیان جێدەهێڵن. هەرچەندە خەڵکی دەڵێن کە کاتێکی سەختیان هەبووە بۆ دۆزینەوەی ژووری هۆتێلەکان.

ئاشلی واتکینز کە کارەکەی پەیوەندی بە کارەساتە سروشتییەکانەوە هەیە وتی: "پێویستم بەوە بوو تا ڕادەیەک لە کارەکەمەوە نزیک بم بەڵام هێشتاش کەوتمە نزیکەی 100 میل دوور لە ئەلەباما."

واتکینس گوتی ئەو کوڕە تەمەن 6 ساڵەکەی ناردوە بۆ ئوتێلێکی کەمێک نزیکتر لە تەکساس لەگەڵ دایک و باوکی و خوشک و براکانی تری.

زۆربەی ئەو کەسانەی ماڵەکانی خۆیان چۆڵ کردووە دەڵێن دەترسن تەندروستی خۆیان بخەنە مەترسییەوە لەگەڵ کەسانەی دەوروبەریان بۆیە بۆ ماوەی سێ ڕۆژە لە ژووی هۆتێلەکان نەهاتوونەتە دەرەوە.

ژمارەیەک لەو خەڵکەی لیوزیانا کە زیانیان پێگەیشتووە هەوڵیان داوە لە ماڵی خزمو دۆستەکانیان بمێننەوە تا دەگەڕێنەوە بۆ ماڵەکانی خۆیان.

ژمارەیەکی خەڵکیش کە نەیانتوانیوە بچنە هۆتێلەکان و کەسوکاریشیان نییە لەگەڵیان بمێننەوە لە ماڵەکانی خۆیان ماونەتەوە کە زۆربەشیان ماڵەکانیان زیانی پێکەوتووە یان بێ ئاو و کارەبان. هەندێکیش چوونەتە شێڵتەرە گەوەرەکان و مەترسی توشبوونیان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا هەیە.

XS
SM
MD
LG