خانمی یەکەمی ئەمەریکا، ملانیا ترامپ شەوی سێشەممە هاوخەمی خۆی بۆ قوربانیانی پەتای کۆرۆنا دەربڕی، کە بە شێوەیەکی بەرچاو جیاواز بوو لەوەی هاوسەرەکەی، سەرۆک دنۆڵد ترامپ، کە زۆر جار کاریگەریی پەتاکەی کەمکردۆتەوە و گوتویەتی نامێنێت.
خانمی یەکەمی ئەمەریکا لە وتارەکەیدا کە باخچەی کۆشکی سپییەوە پێشکەشی کرد گوتی " لە مانگی سێوە ژیانمان بە شێوەیەکی بەرچاو گۆڕاوە، هاوبەشی خەمی هەمو ئەوانەم کە خۆشەویستانیان لەدەستداوە. نزا بۆ ئەوانەش دەکەم کە نەخۆشن یان لە ناخۆشیدان." ئەو گوتیشی " دەزانم زۆر کەس نیگەرانن و هەندێکیش هەست بە بێهیوایی دەکەن دەمەوێت بزانن، ئێوە تەنها نین."
تۆنی وتارەکە جیاوازییەکی بەرچاوی هەبوو لەگەڵ زۆربەی ئەو گوتارە سیاسیانەی دوو شەوی یەکەمی کۆنگرەی نیشتمانی چوار ڕۆژی ، هەروەک لایەنگرانی ترامپ بە توندی هێرشیان کردە سەر کاندیدی دیموکراتەکان جۆ بایدن لە کاتێکدا ستایشی ترامپیان دەکرد لە شێوازی مامەڵەکردنی لەگەڵ پەتاکەو کاریگەرییە وێرانکەرە ئابورییەکانی.
بە گێڕانەوەی چیرۆکی خۆی کە لە سلۆڤینیاوە وەک مۆدێلێکی تەمەن 26 ساڵ کۆچی کردووە و دواجار ڕەگەزنامەی ئەمەریکای بەدەستهێناوە، ڕەنگە ملانیا ترامپ سەرنجی زۆر لەو کەسانەی ڕاکێشابێت کە بەهۆی ڕێبازەکانی هاوسەرەکەی کە کۆچبەرە نایاساییەکان دەکاتە ئامانج زیانیان پێگیشتووە.
خانمی یەکەم سوپاسو پێزانینی خۆی ئاراستەی کارمەندانی چاودێری تەندروستی کرد کە چارەسەری ملیۆنان نەخۆشی کۆڤد19 یان کردووە. ئەو گوتی " ئێوە وڵاتەکەتان خستە پێش هەمو شتێک، من و هاوسەرەکەم سوپاسگوزارین."
ملانیا ترامپ لە وتارەکەی کۆتایی شەوی دووهەمی کۆنگرەی نیشتمانی کۆمارییەکان کە تیایدا بە فەرمی هاوسەرەکەی بۆ چوار ساڵی خولی دووهەمی سەرۆکایەتی کاندید کرایەوە گوتی " مایەی دڵخۆشییە کە دەبینین خەڵکی لەم وڵاتە مەزنەمان چی بۆ یەکتر دەکەن."
ئەم ساڵ زۆربەی کۆنگرەکە لە دوورەوە لە واشنتن ئەنجام دەدرێت لە ترسی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا. خۆی هەمو چوارساڵ جارێک بۆ دەستنیشان کردنی کاندیدی سەرۆکایەتی ئەمەریکا هەزاران نوێنەر پێکەوە لە هۆڵی کۆنگرە کۆدەبنەوە. ژمارەیەک لەوانەی شەوی سێشەممە وتاریان پێشکەش کرد لە ناویاندا وەزیری دەرەوە مایک پۆمپەیۆ کە لە ئورشەلیمەوە وتارەکەی پێشکەش کرد، ستایشی کارەکانی ترامپیان وەکو سەرۆک کرد، لە کاتێکدا کەسانی تریش هێرشیان کردە سەر کاندیدی دیموکراتەکان لەسەر بابەتەکانی هەر لە ئابورییەوە بگرە هەتا دەگاتە ڕێبازی دەرەوەیی و چەسپاندنی یاسا و کۆنترۆڵکردنی چەک.
پەتای کۆرۆنا هەتا ئێستا 178 هەزار کەسی لە ئەمەریکادا کوشتووە و زیاتر لە 5 ملیۆن و 7 سەد هەزار کەس بە پێی ئامارەکانی زانکۆی جۆنس هۆپکنس توشی ڤایرۆسەکە بوون. ئەم ڕێژەی مردنەکە و هەم توشبوونیش زۆرترینە لە جیهاندا.
مامەڵەکردنی سەرۆک ترامپ لەگەل ئەم قەیرانی سەدەیەدا بۆتە هەڕەشە لە هەڵبژاردنەکانی 3 ی مانگی 11 دژ بە بایدن. ڕاوەرگرتنە گشتییەکان نیشان دەدەن بەشێکی زۆری ئەمەریکاییەکان ناڕازین لە شێوازی مامەڵەکردنی ترامپ لەگەڵ ئەم قەیرانە.
بایدن هێرشی کردە سەر لێدوانەکانی ترامپ کە دڵێت ئەو " سەرۆکی سەردەمی شەڕ بووە" لە شەڕی دژ بە ڤایرۆسەکەدا. بایدنی بەربژاری دیموکراتەکان بۆ سەرۆکایەتی لە وتاری پەسەندکردنی بەربژارێتییەکەیدا لە هەفتەی ڕابوردوو گوتی کردارەکانی سەرۆک و شکستهێنانی ڕێبەرایەتی لەبیر ناکرێن.
سەرەتای ئەمساڵ ترامپ مەترسیەکانی ڤایرۆسەکەی ڕەتکردەوەو وتی بەم زووانە نامێنێت، هەڵسەنگاندنێک کە لەم دواییانەشدا دووپاتی کردەوە بە پێچەوانەی پسپۆڕان دەیڵێن.
ترامپ چارەسەری نەسەڵمێندراوی ڕاگەیاند، بەڵێنیدا ڤاکسینێک زووتر لەوەی کە شارەزایانی تەندروستی دەیڵێن ئامادە دەبێت و بۆ چەندین مانگ ئامادە نەبوو لە شوێنە گشتییەکاندا دەمامک بپێچێت. بەڵام بەمدواییانە لە شوێنی گشتیدا ماسکی پێچابوو.
ملانیا ترامپ لە وتارەکەیدا باسی لەو نائارامییانەش کرد کە بەهۆی مردنی جۆج فلۆیدی ڕەشپێست لەکاتێکدا لە لایەن پۆلیسەوە قۆڵبەست کرابوو لە شاری مینیئاپڵسی میناسۆتا ڕوویدا. کۆمارییەکان مردنەکەی فلۆیدیان شەرمەزار کرد بەڵام زیاتر سەرنجیان لەسەر هێرشەکانی کۆنگرەکەیان بوو بۆ سەر دیموکراتەکان، کە دەڵێن کۆتایی بە توندوتیژییەکانی شەقام ناهێنن کە بەهۆی خۆپێشاندانەکانی دژ بە نایەکسانی ڕەگەزی دروستبووە.
خانمی یەکەم گوتی " وەکو هەموتان منیش بیر لە نائارامییە ڕەگەزییەکانی وڵاتەکەمان دەکەمەوە، ئەمە ڕاستییەکی تاڵی مێژوومانە کە شانازی پێوە ناکەین. من داوا لە خەڵکی دەکەم سەنگی بخەنە سەر داهاتوومان لە کاتێکدا هێشتا ئێمە لە ڕابوردوومانەوە شت فێردەبین."
ئەو گوتی " بە لەبەرچاوگرتنی ئەوە پێمخۆشە داوا لە هەمو هاووڵاتیانی ئەم وڵاتەکە بەکەم، لە هەمو گۆشەیەکەوە بیر لە شتەکان بکەنەوە، داوا لە خەڵکی دەکەم بە شێوەیەکی مەدەنیانە کۆببنەوە بۆ ئەوەی کار بۆ بەرزکردنەوەی نمونەی پێوانەی ئەمەریکامان بکەین."
" من داواش لە خەڵکی دەکەم کۆتایی بەو توندوتیژی و تاڵانکارییانەش بهێنن کە بە ناوی دادپەروەرییەوە دەیکەن، و هەرگیز لەسەر بنەمای ڕەنگی پێست بڕیار نەدەن. لە بری تێکشکاندنی شتەکان با پێکەوە چاو لە هەڵەکانمان بکەین." خانمی یەکەم گوتی.
یاریدەدەرێکی ملانیا ترامپ بەر لە وتارە تەلەفیزیۆنییەکەی خانمی یەکەم، گوتی " هەمو وشەیەکی وتارەکەی هینی خۆیەتی".
میلانیا ترامپ دواوای دووبارە هەڵبژاردنەوەی هاوسەرەکەی کرد و گوتی " ئەو تەنها قسە ناکات. داوای کرداریش دەکات."
قسەکانی میلانیا ترامپ پاش وتارێکی نائاسایی مایک پۆمپەیۆ وەزیری دەرەوە بوو. پۆمپەیۆ لە ئورشەلیمەوە وتارە تۆمارکراوەکەی پێشکەش کرد، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە ئەرکێکی دیپلۆماسی بوو بۆ ئیسرائیل و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
بە شێوەیەکی نەریتی دیپلۆماتی باڵای ئەمەریکا هیچ ڕۆڵێکی لە هەڵبژاردنی ئەمەریکادا نەگێڕاوە و هەمیشە ئەو پۆستە وەکو نوێنەرایەتی کردنی ئەمەریکا لە پەیوەندییە دەرەوەییەکاندا لێکدراوەتەوە نەک ئەو پارتە سیاسییەی سەرۆک کە دەستنیشانی کردووە.
ژمارەیەکی زۆری دیموکراتەکان ڕەخنەی توندیان لە پۆمپەیۆ گرت بۆ شکاندنی ئەو نەریتەی کە وەزیری دەرەوە خۆی تێکەڵ بە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی نەکات. ئەندامی کۆنگرێس واکین کاسترۆ، سەرۆکی کۆمیتەی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ چاودێری کردنی کاروبارە دەرەوەییەکان و بەشێک لە کۆمیتەی لێکۆڵینەوەکان، ڕایگەیاند ئەو ڕێبەرایەتی " لێکۆڵینەوەیەکی تەواو" لەسەر بەشداری کردنی پۆمپەیۆ دەکات.
لە وتارەکەیدا پۆمپەیۆ باسی لە دەستکەوتەکانی ڕێبازی دەرەوەیی ترامپ کرد و گوتی " ئەم سەرۆکە ڕێبەرایەتی دەستپێشخەرییە گرنگەکانی کردووە لە نزیکەی هەمو گۆشەیەکی جیهاندا."
پۆمپەیۆ گوتی ترامپ ناکۆکییەکانی لەگەڵ کۆریای باکور " کەم کردۆتەوە" هەرچەندە ترامپ فشاری بۆ پیونگیانگ نەبردووە کە دەستبەرداری بەرنامەکانی چەکی ناوکی بێت. ئەو ستایشی ترامپی کرد بۆ ڕێککەوتنەکەی ئەم دواییانەی نێوان ئیسرائیل و ئیمارات بۆ دروستکردنی پەیوەندی دیپلۆماسی.
لە دووهەم شەوی کۆنگرەی نیشتمانی کۆمارییەکاندا دوو منداڵی تری سەرۆک وتاریان پێشکەش کرد. ئێرک ترامپ، بەڕێوەبەری ڕێکخرای ترامپ و تیفەنی ترامپ، کە بەمدواییانە کۆلیژی یاسای تەواو کردووە. ئەوان گوتیان باوکیان شایستەی تێرمێکی ترە لە کۆشکی سپی.
تیفەنی ترامپ گوتی " باوکم ئابورییەکی گەشەسەندووی دروست کرد و جارێکی تریش دروستی دەکاتەوە. باوکم لە ئاستەنگەکان ڕاناکات. ئەو خەونی گەورەی هەیە بۆ وڵاتەکەمان."
ئێرک ترامپ گوتی " هەمو ڕۆژێک باوکم شەڕ لە پێناو خەڵکی ئەمەریکادا دەکات. من شانازی دەکەم بەوەی کە تۆ بۆ وڵاتەکەمانی دەکەیت."
بەشێکی تر لەوانەی لە کۆنگرەکەدا قسەیان کرد بریتی بوون سیناتۆر ڕاند پاوڵی کەنتاکی، پرێزگاری ئایۆوا کیم ڕەینۆڵد و چەند کاربەدەستێی تری ویلایەتەکان.
بەڵام یەک لە قسەکەرەکان ماری ئان مێندۆزا دایکی ئەفسەرێکی پۆلیسی ئەریزۆنا کە لەلایەن کۆچبەرێکی بێ بەڵگەنامەوە کوژرا لە کاتێکدا بە سەرخۆشی ئۆتۆمبێلی هاژوتبوو، لە بەرنامەی ئەوانەی پشتگیری ترامپیان دەکرد لەو شەوە دەرکرا، پاش ئەوەی هانی شوێنکەوتوانی تویتەری دابوو کە تیۆری ئاڵۆزی قانون بخوێننەوە لەبارەی پیلانگێڕی جووەکان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی جیهان. پاشان تویتەکەی سڕییەوە و داوای لێبوردنیشی کرد.
لە سەرەتای ئێوارەکەدا ترامپ لە دزێکی بانک خۆشبوو کە لە کاتی زیندانیکردنییەوە کاری کردووە بۆ یارمەتیدانی زیندانییەکان بۆ دووبارە پەیوەستبوونەوە بە ژیانی دەرەوە. سەرۆک هەروەها تەماشای پێنج کۆچبەریشی کرد کاتێک سوێندی یاساییان خوارد و بوون بە هاووڵاتی ئەمەریکا.
چوار ڕۆژی کۆنگرەی کۆماریەکان بۆ ترامپ زۆر گرنگە. ئەم کۆنگرەیە دەرفەتێکە لە ڕێگەی ڕوماڵی تەلەفزیۆنییەوە ، قەناعەت بە دەنگدەرانی ئەمەریکایی بهێنێت شایستەی خولێکی تری کۆشکی سپییە.
ئەو 10 هەفتەی بەدەستەوەیە بەر لە ڕۆژی هەڵبژاردن بەڵام ڕاوەرگرتنەکان نیشان دەدەن بایدن 7.6 لەسەدا لە پێشە هەرچەندە پێشکەوتنەکەی بایدن لە چەند ویلایەتێکی گۆڕەپانی ڕووبەڕووبوونەوە زۆر کەمە و ئەمەش زۆر گرنگ دەبێت لە هەڵبژاردنەکاندا.
لە ماوەی چل ساڵی ڕابوردوودا تەنها دوو سەرۆک بۆ تێرمی دووهەمی سەرۆکایەتی سەرکەوتنیان بەدەست نەهێناوە ئەوانەش جمی کارتەر لە ساڵی 1980 و جۆرج بوش لە ساڵی 1992 بوو.