Accessibility links

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕاستەخۆ لە ئیسرائیلەوە بۆ سودان


وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە سەردانێک دەگاتە سودان و ئەمەش یەکەم سەردانی گەورە کاربەدەستێکی ئەمریکایە بۆ ئەم وڵاتەی ئافریکا لەوەتای ڕوخاندنی ڕژێمەکەی عومەر ئەلبەشیر لە ساڵی پاردا.

مایک پەمپێیۆ لەم سەردانەی ئەمڕۆ سێشەممەیدا بۆ خەرتوم، وتووێژ لەسەر ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان سودان و ئیسرائیل دەکات و هەروەهاش پشتیوانی ئەمریکا لە قۆناغی گواستنەوەی سودان بەرەو دیموکراسی.

پەمپێیۆ، یەکەم وەزیری دەرەوەی ئەمریکایە لەوەتای ساڵی 2005ەوە سەردانی وڵاتی سودان بکات. پێشتر کۆندۆلیزا ڕایس، سەردانی ئەو وڵاتەی ئافریکای کردبوو.

پەمپێیۆ، لە سەردانەکەیدا باسیش لە لادانی ناوی سودان دەکات لەو لیستەی ئەمریکا دایناوە بۆ ئەو وڵاتانەی سەرپەرشتی و پشتیوانی لە تێرۆر دەکەن.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە ئیسرائیلەوە چووە بۆ سودان و لە پۆستێکدا لە کۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەردا نوسیویە " خۆشحاڵین بەوەی ڕایدەگەیەنین یەکەم سەردانی فەرمیمان لە ئیسرائیلەوە بۆ سودان، بەبێ وەستانە."

وەهاش بڕیارە پەمپێیۆ لەگەڵ ژەنەراڵ عەبدولفەتاح بورهان، سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتی فەرمانڕەوای سوداندا کۆببێتەوە و هەروەهاش لەگەڵ عەبدوڵا حەمدوک، سەرەک وەزیری سوداندا.

بەنجامین نەتەنیاهۆ، سەرەک وەزیری ئیسرائیل لە مانگی 2دا هاوکاتی سەردانەکەی بۆ ئۆگەندا، لەگەڵ ژەنەراڵ بورهان کۆبۆتەوە. کۆبوونەوەکە بە نهێنی بووە و هیچ هەواڵێکی لەبارەوە بڵاونەکرایەوە تا پاش تەواوبوونی کۆبوونەوەکە.

دوای ئەو کۆبوونەوەیەی بورهان و نەتەنیاهۆ، لەشکری سودان وتی "وتووێژەکان لەگەڵ ئیسرائیلدا، هەوڵێکە وەک یارمەتی بۆ دەربازکردنی سودان لەو ڕەوشە ناهەموارەی لەسەر ئاستی نێونەتەوەیی تیایدایەتی."

XS
SM
MD
LG