Accessibility links

هاوپەیمانان بنکەی سەربازیی تاجی دەدەنەوە دەست عێراقییەکان


مەشق و راهێنانی سەربازی لە بنکەی سەربازیی تاجی
مەشق و راهێنانی سەربازی لە بنکەی سەربازیی تاجی

هاوپەیمانێتی بە سەرکردایەتی ئەمریکا ڕایدەگەیەنێت لە بنکەی سەربازیی تاجی دەکشێتەوە و دەیداتەوە دەست هێزە ئاسایشییەکانی عێراق.

کۆڵۆنێل مێلیس کاگینس، وتەبێژی هاوپەیمانێتی بە سەرکردایەتی ئەمریکا دەڵێت " ئەمڕۆ ڕۆژێکی گرنگە.هاوپەیمانان دەچنە دەرەوەی سەربازگەی تاجی و کەرەستە و کەلوپەلە لەشکرییەکانی بایی 347 ملیۆن دۆلارن و هەروەهاش پێداویستییەکانی تری مەشق و ڕاهێنان بۆ هێزە عێراقییەکان جێدەهێڵدرێن."

کۆڵۆنێل کاگینس ئاماژەشی بەوەکردوە، سەرکەوتنەکانی هێزە عێراقییەکان لە شەڕی دژی داعشدا هۆکاری ئەم ئاڵوگۆڕەیە.

بنکەی سەربازیی تاجی، هەشتەمین پێگەی هاوپەیمانانە لە عێراقدا کە دەدرێتەوە دەست هێزە ئاسایشییەکانی ئەو وڵاتە، بەپێی ئەو بەرنامەیەی دانراوە.

ژەنەراڵ تەحسین ئەلخەفاجی، وتەبێژی هێزە هاوبەشەکان لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسەکانی دەنگ و باس وتوویەتی "هێزەکانی هاوپەیمانان لە ئێستادا ڕۆڵیان بریتیە لە پێدانی زانیاریی ڕاوێژکارییانە و هەروەهاش هەڵسەنگاندنی ڕەوشی ئاسایشی بە شێوەیەکی وەرزیانە، پاش ئەوەی هێزە عێراقییەکان کەوتونەتە بارێکی باشترەوە."

لە ڕاگەیەندراوێکیشدا، هێزەکانی هاوپەیمانان دەڵێت ئاڵوگۆڕ لە شوێنەکانی هاوپەیماناندا بەشێکە لە پلانێکی درێژمەودا کە لەگەڵ حکومەتی عێراقدا ڕێککەوتنی لەسەر کراوە.

لە سەردانەکەی هەفتەی ڕابردووی موستەفا ئەلکازمی، سەرەک وەزیری عێراق بۆ واشنتۆن و کۆبوونەوەی لەگەڵ کاربەدەستانی ئەمریکادا، یەکێک لەو دۆسێیانەی بابەتی وتووێژەکان بوون بریتی بوو لە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا.

هاوپەیمانێتی نێونەتەوەیی دژە داعش بە سەرکردایەتی ئەمریکا بۆ زیاتر لە 6 ساڵە لە عێراقن بە مەبەستی یارمەتی و کۆمەک کردنی هێزە ئاسایشییەکانی عێراق بۆ لەناوبردنی داعش کە بەشێکی بەرچاوی خاکی عێراقی داگیرکردبوو.

XS
SM
MD
LG