Accessibility links

لە ئەمریکا پێشوازییەکی بێ پێشینە لە سەرەک وەزیری عێراق


شێوازی پێشوازیکردنی واشنتۆن بۆ سەرەک وەزیری عێراق و گرنگیدانی دامەزراوەکانی واشنتۆنی پایتەخت بەو سەردانە، ئاماژەیە بە کار و بەرنامەی هاوبەش لە نێوان واشنتۆن و بەغدادا.

زۆرێک لە چاودێر ئاماژە بەوە دەکەن ئەو هەنگاوانەی، موستەفا ئەلکازمی لە عێراقدا گرتونیەتەبەر، هەنگاوی بێ پێشینەن و لەو جۆرە هەنگاوانەشن کە ئەمریکا دەیانخوازێت و پشتیوانیشیان لێدەکات، لەوانە کەمکردنەوەی کاریگەریی و ڕۆڵی میلیشیاکانی سەر بە ئێران و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و گەندەڵکاران و چەند هەنگاوێکی تریش.

لەناو کۆشکی سپیدا پاسەوانانی شەرەف لە پێشوزای کازمیدا بوون و سەرۆکی ئەمریکاش لە بەردەرگای ئەو ڕاڕەوەی لە کۆشکی سپی دەچێتەوە سەر "ئۆڤڵ ئۆفیس" پێشوازی لە میوانەکەی کرد.

ئەگەرچی بڕیاربوو دوای کۆبوونەوەکەی پێش نیوەڕۆی ڕۆژی 5شەممە، سەرۆک ترامپ و سەرەک وەزیری عێراق کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانیەکەیان بکەن، بەڵام کاتێک پەیامنێران تەنها بۆ وێنەگرتن چوونە ناو ئۆڤڵ ئۆفیسەوە (ژووری فەرمی کۆبوونەوەکانی سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی)، سەرۆک ترامپ و سەرەک وەزیر کازمی هەر یەکە لێدوانێکی کورتییان پێسکەش کرد و بەر لەوەی دەست بکرێت بە وتووێژە فەرمییەکانیان، پەیامنێران کەوتنە پرسیار لەسەر ژمارەیەک تەوەر و بابەتی جودا.

لە وتارەکەیدا سەرۆک ترامپ ئاماژەی بەوە کرد کە ئەمریکا وەک وڵاتێکی جودا و سەربەخۆ سەروسەودا لەگەڵ وڵاتی عێراقدا دەکات و ئاستی پشتیوانییەکانی ئەمریکاش بۆ عێراق بەو ئەندازەیەیە کە وەک سەرۆک ترامپ دەڵێت "بتوانێت بەرگری لە خۆی بکات."

سەرۆک ترامپ ئاماژەی بە تەوەری دانوستاندنەکانیش کرد وەک دەڵێت قسە و باس لەسەر دۆسێی لەشکری و کەمکردنەوەی ژمارەی سەربازەکانی ئەمریکا لە عێراق وپیشەسازی نەوت و چەند دۆسێیەکی تری پەیوەست بە پەیوەندییەکانی هەردوو وڵاتەوە.

سەرۆک ترامپ دەڵێت "پەیوەندییەکی باشمان لەگەڵ عێراقدا هەیە، بووینەتە دۆست و ئێستا لە هەموو کاتێک زیاتر پەیوەندیەکانمان باشە، ژمارەیەکی کەمی سەربازمان هەن لە عێراق و ئەوەیش بۆ یارمەتیدان ماونەتەوە و سەرەک وەزیریش دەزانێت بۆ یارمەتیدان ماونەتەوە."

سەرۆک ترامپ دەڵێت "ئەگەر ئێران بیەوێت شتێک لە عێراقدا بکات، ئەوا ئێمە لەوێین بۆ یارمەتیدانی عێراقییەکان."

لە لای خۆیشیەوە سەرەک وەزیری عێراق سوپاسگوزاری پێشوازیی لێکردن و هەروەها پشتیوانییەکانی ئەمریکا بوو.

موستەفا ئەلکازمی دەڵێت "سوپاسگوزاری ئەو ڕۆڵەین کە ئەمریکا بینیویەتی لە یارمەتیدانی دەوڵەتی عێراق هاوکاتی شەڕی داعش و هەروەهاش یارمەتییەکانی تری ئەمریکا کە بە باشترین شێوە بووە بۆ بەرژەوەندی هەردوو وڵات."

سەرەک وەزیری عێراق بە سەرۆکی ئەمریکای ڕاگەیاند کە ڕۆژی چوارشەممە ژمارەیەک کۆنتراکتی نوێ لە نێوان عێراق و ئەمریکادا مۆر کراون و بایی زیاتر لە 10 ملیار دۆلار دەبن.

موستەفا ئەلکازمی دەڵێت "عێراق کراوەیە بۆ کارداری و وەبەرهێنان و ئایندەیەکی گەشتر بۆ هەردوولا."

پاراستنی سەروەری و هەروەهاش سەقامگیری عێراق یەکێکە لە دۆسێ گرنگەکانی نێوان هەردوو وڵات.

لە وەڵامی پرسیارێکی بەشی کوردی دەنگی ئەمریکادا سەبارەت بەوەی کۆتاییهێنان بە ڕۆڵی میلیشیاکان لە عێراقدا گرنگە بۆ سەقامگیری و هەروەهاش بۆ بەرەوپێشچوونی دیموکراسی لەو وڵاتەدا و ئایا ئەمریکا لەم دۆسێیەدا چۆن یارمەتی عێراق دەدات؟سەرۆک ترامپ دەڵێت " ئەوەی ئێمە دەیکەین ئەوەیە‌ یارمه‌تی پێشكه‌ش ده‌كه‌ین له‌ هه‌رشوێنێك بتوانین، به‌ڵام جارێكی تر دەڵێمەوە، ئه‌و وڵاته‌ وڵاتێكی سه‌ربه‌خۆیه‌، خاوه‌نی سه‌رۆك وه‌زیرانی خۆیه‌تی، به‌رپرسانی خۆیان هه‌یه‌ كه‌ پێویستە وڵاته‌كه‌ به‌ڕێوەبەرن. ئێمه‌ ماوه‌یه‌كی زۆره‌ له‌ عێراقین، من به‌ ئه‌گه‌ر قسه‌ ناكه‌م، به‌ڵكو ده‌ڵێم، ئه‌وه‌ بیرۆكه‌یه‌كی باش نییه‌ بۆ ماوه‌یه‌كی زۆرتر له‌وێ بین، وە پێشم باش نەبووە کە بچینە ئەوێ، ئەوکاتە کەسێکی سیڤیل بووم کە وامدەگوت، بەڵام کێ گوێی لێدەگرتم، هەرچۆنێک بێت ڕای خۆمم بە ڕوونی و ئاشکرایی خستە ڕوو. ده‌مانه‌وێت له‌ عێراق بێینه‌ ده‌ره‌وه‌، له‌ كورتترین ماوه‌دا، به‌تایبه‌ت كه‌ ئێستا په‌یوه‌ندییه‌كی زۆر باشمان هه‌یه‌ و ڕێککەوتنیگه‌وره‌ی نه‌وتمان هه‌یه‌، ئه‌مه‌ ڕەشەکەی ئێستایە.‌ مه‌به‌ستی من ئه‌وه‌یه‌، ئێمه‌ زۆر دڵخۆشین به‌ په‌یوه‌ندییه‌كه‌مان له‌گه‌ڵ عێراق، به‌تایبه‌ت كه‌ له‌م دوو ساڵه‌دا زیاتر پەرەی سەندووە‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ش خواستی ئێمه‌یه‌ كه‌ ده‌مانه‌وێت هێزه‌كانمان له‌و وڵاته‌ بكێشینه‌وه‌، هیوادارین كاتێك عێراق جێده‌هێڵین، توانای هه‌بێت به‌رگری له‌خۆی بكات."

سەبارەت بە لەشکرکێشییەکانی تورکیا کە عێراق بە پێشێلکردنی سەروەری وڵاتەکە ناودێری دەکات، سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت پەیوەندیـیەکی زۆر باشی لەگەڵ تورکیا و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان هەیە و ئامادەیە لە بارەی ئەو هێرشانەوە قسەی لەگەڵدا بکات و ئامادەشە گوێ لە نیگەرانییەکانی عێراقیش بگرێت لەسەر ئەو هێرشانە.

سەرەک وەزیری عێراقیش دەڵێت ئەو هێرشانە جێی قبوڵ نیـن، بەڵام دەستوری عێراقیش ڕێگە نادات لە خاکەکەیەوە هێرش بکرێتە سەر هیچ وڵاتێکی دراوسێ و دەشڵێت "لەگەڵ تورکەکاندا لە گفتوگۆدان بۆ ڕاستکردنەوەی ڕەوشەکە."

لەگەڵ ئەو هێرش و لەشکرکێشیانەی تورکیادا، کۆماری ئیسلامی ئێرانیش بەردەوام تۆپباران و بۆردومانی ناوچە سنورییەکان دەکات.


دوابەدوای کۆبوونەکەی ڕۆژی 5شەممە، سەرەک وەزیری عێراق لە پۆستێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نوسیویە، پەیوەندییەکانی ئەمریکا لەگەڵ عێراقدا دەچێتە قۆناغێکی نوێوە.

هاوکاتی ئەم کۆبوونەوانەی شاندی عێراقی لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکاییدا، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا نیگەرانی خۆی بەرامبەر بە دەسەڵات و جموجۆڵی میلیشیاکان لە عێراقدا دەربڕیوە پاش ئەو هێرشانەی کراونەتە سەر چالاکوانان و سەر خۆپیشاندەران لە وڵاتەکەدا.

لە ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکادا داوا لە عێراق کراوە تا هەنگاوی دەستبەجێیی بگرێتە بەر بۆ لێکۆڵینەوە لە هێزە میلیشیاییەکان و هەروەهاش دەستە و تاقمە تاوانکارییەکانی هێرش دەکەنە سەر عێراقییەکانی بە ئاشتیانە ناڕەزایی خۆیان دەردەبڕن.
بڕیارە درەنگانێکی ئەمڕۆ هەینی شاندی عێراقی بە سەرۆکایەتی موستەفا ئەلکازمی بگەڕێتەوە بۆ عێراق پاش کۆبوونەوەی سەرەک وەزیری عێراق لەگەڵ کۆنگرێسی ئەمریکادا.

پێشتر بڕیاربوو، شاندەکە هەر ڕۆژی 5 شەممە بگەڕێتەوە، بەڵام بەهۆی ئەو کۆبوونەوەیەی کۆنگرێسەوە کە بڕیارە کاتژمێر 7 ی ئێوارەی ئەمڕۆ بکرێت، گەڕانەوەکە دواخرا بۆ درەنگانێکی ئەمڕۆ هەینی.

XS
SM
MD
LG