Accessibility links

برا بچوکەکەی سەرۆک ترامپ کۆچی دوایی دەکات


ڕۆبەرت ترامپ، برا بچوکی سەرۆک ترامپ کە کەسایەتییەکی کارداری ناسراو بوو، ئێوارەی ڕۆژی شەممە لە تەمەنی 71 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد پاش ئەوەی برابووە نەخۆشخانەیەکی شاری نیویۆرک، بەپێی ڕاگەیەندراوێکی سەرۆک ترامپ.

سەرۆک ترامپ ڕۆژی هەینی سەردانی براکەی کرد لە نەخۆشخانەیەکی شاری نیویۆرک، دوای ئەوەی کۆشکی سپی ڕایگەیاندا توشی نەخۆشییەکی قورس بووە. کاربەدەستان باسیان نەکردووە نەخۆشییەکەی چی بووە.

سەرۆک ترامپ، لە ڕاگەیەندراوەکەیدا دەڵێت "بە دڵێکی خەمبارەوە هەواڵی مردنی برا خۆشەویستەکەم ڕادەگەیەنم، ڕۆبەرت هەر تەنها برام نەبوو بەڵکو هاوڕێ هەرە باشەکەیشم بوو، یادەوەرییەکانی هەمیشە لە دڵمدا دەمێننەوە، ڕۆبەرت خۆشم دەوێیت."

ڕۆبەرت ترامپ، برا بچوکی سەرۆک ترامپ لەم ماوەیەی ڕابردوودا زۆر نزیک بوو لە سەرۆک ترامپ و لە مانگی 6دا داوایەکی یاساییشی لەبری بنەماڵەی ترامپ تۆمارکرد و هەوڵی بێوچانیشی دەدا تا کتێبەکەی "ماری" برازاکەی سەرۆک ترامپ بەچاپ نەگەیەندرێت.

بەپێی زانیارییەکان هەر لە هەمان مانگدا ڕۆبەرت ترامپ براوەتە نەخۆشخانە و لە بەشی چاودێری ورد هێڵراوەتەوە.

سەرۆک ترامپ کاتێک باسی لەم برایەی کردووە، وتوویەتی " برا بچوکەکەم لە من ئارام تر و نەرمتریشە، تەنها پیاوێکیشە لە ژیانمدا کە بە ئازیز ناودێری دەکەم."

ڕۆبەرت ترامپ، ژیانی کارداری خۆیی لە لە ۆڵ ستریتەوە دەستپێدەکات لە بواری دابینکردنی دارایی بۆ کۆمپانیاکان، دواتر لە کۆمپانیای بنەماڵەکەیدا دەست بەکار بوو کە کارداری لە بواری موڵکدا دەکات و یەکێک بوو لە بەرپرسە گەورەکانی جێبەجێکردن لە کۆمپانیاکەدا.

ڕۆبەرت ستیوارت ترامپ، ساڵی 1948 لەدایک بووە، بچوکترین کوڕی فرێد ترامپ بوو.

سەرۆک ترامپ لە کتێبەکەیدا "هونەری سەوداکان" کە پڕفرۆشترین کتێب بوو لە ساڵی 1987دا، دەنوسێت "دەکرێت بڵێم ڕۆبەرت لەگەڵ هەمووماندا تەبا بووە، ئەمەش شتێکی زۆر باش بوو بۆ من، چونکە هەندێک جار دەبووایە ڕۆڵی کەسە خراپەکە ببینم."

ڕۆبەرت ترامپ دەرچووی زانکۆی بۆستن، لە ساڵی 2016دا وەها خۆی ناساند کە داکۆکیکارێکی گەورەیە لەوەی دانۆڵد ترامپ خۆی کاندید بکات بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ئەمریکا و لە لێدوانەکەشیدا بۆ ڕۆژنامەی نیویۆرک پۆست وتی "لە سەدا هەزار پشتیوانی لە دانۆڵد دەکەم."

XS
SM
MD
LG