Accessibility links

ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان هەوڵەکانی ئەمەریکا بۆ درێژکردنەوەی ئابڵوقەی چەک بەسەر ئێراندا ڕەتدەکاتەوە

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ڕۆژی هەینی هەوڵەکانی بۆ درێژکردنەوەی ماوەی ئابڵوقەی چەک دژ بە ئێران لەدەست دا لە کاتێکدا سەرۆکی ڕوسیا ڤلادمێر پوتن پێشنیازی کرد ڕووبەڕووبوونەوە لەسەر هەوڵەکانی ئەمەریکا بۆ نوێکردنەوەی هەمو سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سەر ئێران دوور بکرێتەوە.

لە دەنگدانێکی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکاندا ڕوسیا و چین دژی درێژکردنەوەی ئابڵوقەی چەک دژ بە ئێران بوون کە بەپێی ڕێککەوتنەکەی ساڵی2015 ی ئێران لەگەڵ وڵاتانی زلهێزی جیهانی لە مانگی 10دا بەسەردەچێت. 11 ئەندامی ئەنجومەنەکە لە ناویاندا فەرەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیاش خۆیان کشاندەوە لە بابەتەکە لە کاتێکدا تەنها واشنتن و کۆماری دۆمینیۆن دەنگیان بۆ درێژکردنەوەی ئابڵوقەکە دا.

نوێنەری ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان کێڵی کرافت لە پاش دەنگدانەکەی ئەنجومەنی ئاسایش لە تویتێکدا ڕایگەیاند " ئەنجامی دەنگدانەکەی ئەمڕۆ لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنجامێکی بێزارکەر بوو بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بەڵام چاوەڕوان نەکراو نەبوو. شکستهێنانی ئەنجومەنەکە بۆ درێژکردنەوەی ئابڵوقەی چەک دژ بە ئێران گورزێکی وێرانکەرە بۆ متمانەی ئەنجومەنەکە."

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مایک پۆمپەیۆ پاش بڕیارەکە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند ئەنجومەنی ئاسایش " بڕیارێکی گونجاوی بۆ درێژکردنەوەی ئابڵوقەی 13 ساڵەی چەک دژ بە ئێران ڕەت کردەوەوو ڕێگەیخۆشکردن بۆ گەورەترین وڵاتی پشتیوانیکەری تیرۆرسم لە جیهاندا تا بتوانیت چەکی قورس بکڕێت و بفرۆشێت بەبی هیچ کۆت و بەندێکی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ یەکەم جار لە ماوەی زیاتر لە دەساڵدا."

دیپلۆماتانی ئەو وڵاتانەی کە دەنگیان بۆ نەدا گوتویانە هەنگاوێکی لەم جۆرە ڕێککەوتنی ناوکی هەستیار زیاتر دەخاتە مەترسییەوە چونکە ئێران هۆکارەکانی بۆ سنوردارکردنی چالاکییە ناوکییەکانی لەدەست دەدات. ئێران لە ئێستاوە سەرپێچی لە هەندێک بەشی ڕێککەوتنە ناوکییەکە کردووە وەکو وەڵامدانەوەی کشانەوەی ئەمەریکا لە ڕێککەوتنەکەو سەپاندنەوەی سزاکان بەسەریدا.

This item is part of
XS
SM
MD
LG