Accessibility links

ئاماره‌کانی توشبوون و مردن به‌ ڤایرۆسی کۆرۆنا له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ ڕوو له‌ زیاد بوون ده‌که‌ن


دوای به‌ڕێکردنی ماوه‌یه‌ک له‌ ئارامی و که‌م بوونه‌وه‌ی حاڵه‌ته‌کانی توشبوون به‌ ڤایرۆسی کۆرۆنا له‌ پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌، جارێکی دیکه‌ ئاماره‌کانی مردن و توشبوون به‌ ڤایرۆسه‌که‌، ڕوویان له‌ زیاد بوون کردووه‌ته‌وه‌ ، ووته‌بێژی به‌ڕێوبه‌رایه‌تی گشتی ته‌ندروستی هه‌ڵه‌بجه‌ ڕایده‌گه‌ینێت ، له‌ ماوه‌ی سێ‌ رۆژدا سێ‌ توشبوو گیانیان له‌ده‌ستداوه‌، که‌ هیچکامیان نه‌خۆشی دیکه‌یان نه‌بووه‌.

د. شاناز نه‌قشبه‌ندی ووته‌بێژی به‌رێوبه‌رایه‌تی گشتی ته‌ندروستی هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ لێدوانێکدا به‌ ده‌نگی ئه‌مریکای راگه‌یاند "به‌هۆی پابه‌ند نه‌بوون له‌ ڕۆژه‌کانی جه‌ژن و دواتردا ،ئه‌وه‌ی که‌ ئێستا ده‌یبینین خه‌ریکه‌ حاڵه‌ته‌کان ڕوو له‌ زیاد بوون ده‌که‌ن،له‌ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌کدا سێ‌ هه‌ڵگری ڤایرۆسه‌که‌ گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ که‌ نه‌خۆشی دیکه‌یان نه‌بووه‌ "

ووته‌بێژی ته‌ندروستی هه‌ڵه‌بجه‌ ڕاشیگه‌یاند " هه‌تاوه‌کو یه‌ک تووشبووی ڤایرۆسکه‌ مابێت،مه‌ترسی ڤایرۆسه‌که‌ هه‌یه‌، داوکارین له‌هاوڵاتیان،تاکه‌ ڕێگایه‌ک بۆ ڕووبه‌ڕوووبوونه‌وه‌ی ئه‌م ڤایرۆسه‌ ئه‌وه‌یه‌، تاک پارێزی بکه‌ن ،ئه‌وه‌ کلیلی بردنه‌وه‌ی ئه‌م جه‌نگه‌یه‌ که‌ لای هاوڵاتیان خۆیانه‌"

ئاراس حه‌مه‌سه‌عید به‌ڕێو به‌ری نه‌خۆشخانه‌ی وه‌فای تایبه‌ت به‌نه‌خۆشیه‌ گوازراوه‌کان که‌ ئێستا نه‌خۆشانی کۆرۆنای تێدایه‌، له‌ لێدوانێکدا به‌ ده‌نگی ئه‌مریکا راگه‌یاند " ئه‌و نه‌خۆشانه‌ی که‌ ده‌ڕۆنه‌وه‌ ماڵه‌وه‌،له‌سه‌ره‌تای ده‌رکه‌وتنی نیشانه‌کانه‌وه‌ ، له‌نێوان 14-28 ڕۆژ له‌ ڕووی مه‌ترسی گواستنه‌وه‌ی ڤایرۆسه‌که‌وه‌ سه‌لامه‌ت نین گه‌رچی ته‌ندروستی نه‌خۆشه‌که‌ش باشبێت ، پێویسته‌ تێکه‌ڵیان نه‌کرێت".

به‌پێی دواین ئاماره‌کانی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له‌ ڕاگه‌یانراوی ژماره‌ (169) دا له‌ سه‌ره‌تای بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسه‌که‌وه‌ تا ئێستا، له‌ پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ 2 هه‌زار و دووسه‌د و حه‌فتاو پینج پشکنین کراون،609 هاوڵاتی توشی ڤایرۆسه‌که‌ بوون، له‌و ڕێژه‌یه‌ش 515 هاوڵاتی ڤایرۆسه‌که‌یان تێپه‌ڕاندووه‌ و (82) هاوڵاتی له‌ ژێر چاودێریدان و 12 هاوڵاتیش گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ .

زانیاری زیاتر له‌ ده‌قی ڕاپورته‌که‌دایه‌!

please wait
Embed

No media source currently available

0:00 0:03:09 0:00


XS
SM
MD
LG