Accessibility links

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ بەرەنگاربوونەوەی چین و ڕوسیا سەردانی ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا دەکات


مایک پەمپێیۆ و هاوسەرەکەی هاوکاتی گەیشتنیان بۆ فڕۆکەخانەی پراگ لە کۆماری چیک

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سەردانی کۆماری چیک دەکات هاوکاتی سەردانەکانی بۆ 4 وڵاتی ناوەڕاست و ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا.

وەها چاوەڕوان دەکرێت مایک پەمپێیۆ لە کۆبوونەوەکانیدا سەنگیی بخاتە سەر ئەو مەترسیانەی چین و ڕوسیا هەیانە بۆ سەر ناوچەکە.

ئەم سەردانەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، هاوکاتە لەگەڵ توندوتیژییەکانی پاش هەڵبژاردنەکەی بیلاروسیا و ئەو مەترسیانەشی هاتوونەتە ئاراوە بۆ پاشەکشەکردنی دیموکراسی.
ڕوسیا و چین جموجۆڵێکی زۆریان لەو ناوچەیەدا هەیە و هەوڵی ڕۆڵ بینین و کاریگەری دەدەن لە تەواوی کیشوەری ئەوروپادا، بە تایبەتیش لە بوارەکانی وزە و ژێرخان و پەیوەندییەکانیشدا، ئەمەش ئەو ئاڕاستەیەیە کە ئەمریکا بەرەنگاری دەبێتەوە.

مایک پەمپێیۆ، ئەمڕۆ سێشەممە، سەردانەکەی لە شاری پیلسن لە کۆماری چیک، دەستپێکرد، پێشدەچێت لە وتوێژەکانیدا ڕووبەڕووی ژمارەیەک پرسیار ببێتەوە لەسەر بڕیاری بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆک ترامپ بۆ کەمکردنەوەی ژمارەی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ئەڵمانیا.

سەرۆک ترامپ دەخوازێت هەزاران سەربازی ئەمریکا لە بنکەکانی ئەڵمانیا بکشێنێتەوە و بەشێکیان لە ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا دابنێت، لەوانە پۆڵەندا، کە دەبێتە دوا وێستگەی ئەم سەردانەی مایک پەمپێیۆ.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سەردانی وڵاتی نەمسا دەکات، بەڵام لە بەرنامەیدا نییە سەردانی ئەڵمانیا بکات.

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، مایک پەمپێیۆ ڕۆژی چوارشەممە لە پراگ لەگەڵ میلۆس زیمان، سەرۆکی چیک و ئاندریە بابیس، سەرەک وەزیر کۆدەبێتەوە بۆ وتووێژکردن لەسەر بوارەکانی وزەی ناوکی و هەروەهاش وەک لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە "هەوڵەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی کارە قێزەونەکانی ڕوسیا و چین."

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، وزە و ڕەوشی سیاسی لە ناوچەی باڵکان بە پلەی یەکەمە لە کارنامەی مایک پەمپێیۆ لەگەڵ بەرپرسانی سلۆڤانیا لە لیوبلیانا.

لە ڤیەننا، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەگەڵ سیباستیان کورتس ڕاوێژکاری نەمسا کۆدەبێتەوە بۆ وتووێژکردن لەسەر پەیوەندییە بازرگانییەکان و هەروەهاش ئاسایشی ئەو ناوچەیە.

مایک پەمپێیۆ، لەگەڵ سەرۆکی دەزگای نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆمیشدا کۆدەبێتەوە. یەکێک لە ئەرکەکانی ئەم دەزگایەی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، چاودێریکردنی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ناوکییەکەی ساڵی 2015 ئێرانە کە ئەمریکا لێی کشایەوە.

بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆک ترامپ لە هەوڵدایە بۆ قایل کردنی ئەندامانی تری ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان تا گەمارۆی چەک لەسەر ئێران درێژ بکرێتەوە. ئەو گەمارۆیەی سەر ئێران لە مانگی 10دا وادەکەی تەواو دەبێت بەپێی مەرجەکانی ڕێککەوتنە ناوکییەکە.

لە وارشۆ، مایک پەمپێیۆ لەگەڵ ئاندرێ دودا، سەرۆکی پۆڵەندا کۆدەبێتەوە.

XS
SM
MD
LG