Accessibility links

ئەمریکا لێکۆڵینەوە دەکات و عێراق و کوێت نکوڵی دەکەن


لەشکری ئەمریکا ڕایدەگەیەنێت لێکۆڵینەوەکردن دەکات لەو دەنگۆیانەی دەڵێن هێزێکی چەکداری شیعەکانی عێراق بۆمبێکیان لەسەر سنوری عێراق کوێت تەقاندۆتەوە.

ئەم ڕاگەیاندنە لە کاتێکدایە، هەردوو وڵاتی عێراق و کوێت نکوڵییان کردووە لەوەی هیچ تەقینەوەیەک ڕوویدابێت.

بەڵام دواتر عێراق ئاماژەی بەوەکردووە، تەقینەوەیەک، کاروانێکی هێزەکانی هاوپەیمانێتی بە سەرکردایەتی ئەمریکای کردۆتە ئامانج لە ناوچەی تاجی و دەشڵێت زیانێکی سوکی هەبووە.

هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتی خۆی لەو هێرشە بۆمبییە ڕانەگەیاندووە.

لایەنێک کە خۆی ناو ناوە "ئەسحابولکەهف" درەنگانێکی ڕۆژی 5 شەممە ڕاگەیاندنێکی بڵاوکردۆتەوە و نوسراوە "کەرەستە و ئامێری ئەمریکای دوژمنی تێکشکاندووە." لە هێرشێکدا لە دەروازەیەکی سنوری لە پارێزگای بەسرەی باشوری عێراق.

دواتریش هەمان لایەن دیمەنێکی ڤیدیۆیی 11 چرکەیی بڵاوکردۆتەوە و دەڵێت ئەوە دیمەنی هێرشەکەیەتی.

وتەبێژی سەرکردایەتی نێوەندی لەشکری ئەمریکا دەڵێت لێکۆڵینەوە دەکرێت لەسەر ئەو ڕاپۆرتانەی سەبارەت بەو تەقینەوەیە دراون.

لەشکری عێراق نکوڵی دەکات لەوەی هیچ تەقینەوەیەک ڕوویدابێت لەو ناوچە سنورییە و دەڵێت ئەو دیمەنە ڤیدیۆییە دروستکراوە و بە مەبەستی چەواشەکردنی ڕای گشتییە. بە هەمان شێوەش لە ڕاگەیاندراوێکدا لەشکری کوێت نکوڵی دەکات لەوەی هیچ هێرشێکی ئاژاوەگێڕیانە لە ناوچە سنورییەکانی باکوری وڵاتەکەدا ڕوویدابێت.

"ئەسحابولکەهف"دوابەدوای هەڕەشەکانی میلیشیا شیعەکان, خۆی ڕاگەیاندووە، هاوکاتی بەرزبوونەوەی ئاستی پشێویەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران.

XS
SM
MD
LG