Accessibility links

لە هیندستان زیانەکانی کۆرۆنا لە هەڵکشاندایە


هیندستان ڕایدەگەیەنێت لە 24 کاتژمێری ڕابردوودا 1007 کەس بە پەتای کۆرۆنا گیانیان لە دەستداوە و هاوکات 62064 کەسیش توشی ئەم پەتایە بوون.

بەپێی ئەو ئامارانەی ڕۆژی دووشەممە وەزارەتی تەندروستی هیندستان بڵاوی کردوونەتەوە، تا ئێستا 44386 کەس بەهۆی کۆڤید 19وە لە وڵاتەکەدا گیانیان لەدەستداوە و سەرجەم ئەوانەش کە توشی پەتای کۆرۆنا بوون گەیشتۆتە 2 ملیۆن و 215 هەزار و 74 کەس، بەلانیکەم لەو ژمارەیە 634 هەزار و 935 کەس لە ئێستادا لەژێر چارەسەری تەندروستیدان.

لە هیندستان لەم چوار ڕۆژەی ڕابردوودا،ڕۆژانە زیاتر لە 60 هەزار کەس پشتڕاست کراونەتەوە کە هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنان.

هێشتاش بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە 10 هەرێمی هیندستاندا چڕ بۆتەوە و وەک کاربەدەستانی تەندروستی ئاماژەی پێدەکەن، هەر ئەو دە هەرێمە، نزیکەی لە سەدا هەشتای توشبووانی ناو وڵاتەکەیان هەیە.

هیندستان بە پلەی سێهەم دێت لە جیهاندا بۆ توشبوون بە پەتای کۆرۆنا، پاش ئەمریکا و بەرازیل، هەروەها لە ژمارەی گیان لە دەستدانیش بەهۆی ئەم پەتایەوە بە پلەی پێنجهەم دێت و بە بەراورد بە ئەمریکا و بەرازیل ژمارەیەکی زۆر کەمتری گیان لەدەستدانی هەیە بەهۆی پەتای کۆرۆناوە.

XS
SM
MD
LG