Accessibility links

ئێران ڕۆژنامەیەک دادەخات


کۆماری ئیسلامی ئێران، ڕۆژنامەیەکی داخستووە پاش ئەوەی لێدوانەکانی پسپۆڕێکی بڵاوکردۆتەوە و تیایدا دەڵێت ئەو ژمارە فەرمیانەی توشبوون و گیان لە دەستدان بەهۆی کۆڤید 19وە تەنها لە سەدا پێنجی ژمارەی ڕاستەقینەن.

وەزارەتی تەندروستی ئێران، نکوڵی کردووە لە لێدوانەکانی ئەو پسپۆڕە.

موحەمەد ڕەزا سەعدی، سەرنوسەری ڕۆژنامەی جیهان سانات بە ئاژانسی دەنگ و باسی ئێرنای وتووە، دەسەڵاتدارانی ئێرانی ڕۆژنامەکەیان داخستووە کە لە ساڵی 2004دا یەکەم ژمارەی لێ بڵاوکراوەتەوە و ڕۆژنامەکە بەگشتی سەنگیی لەسەر هەواڵی کاروبارەکانی ناو ئێران بووە.

ڕۆژی یەکشەممە ڕۆژنامەی جیهان سانات کە ڕۆژنامەیەکی ڕۆژانە بوو، لە زاری موحەمەد ڕەزا مەحبوب فەر نوسیویە "ژمارەی ڕاستەقینەی توشبووان و گیان لە دەستدان بەهۆی پەتای کۆرۆناوە دەشێت 20 هێندەی ئەو ژمارانە بن کە وەزارەتی تەندروستی ئێران بڵاویان دەکاتەوە."

موحەمەد ڕەزا مەحبوب فەر، وەک ڕۆژنامەکە نوسیویە، پسپۆڕی نەخۆشییە درمییەکانە و یەکێک بووە لە ئەندامانی تیمی حکومەت بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەتای کۆرۆنا.

هەر لەو لیدوانانەیدا مەحبوب فەر باسی لەوەش کردووە، یەک مانگ بەر لەوەی دەسەڵاتدارانی ئێرانی یەکەم توشبوونی پشتڕاست کراوە لە 19ی مانگی دوودا ڕابگەیەنن، زانیاری هەبووە لەسەر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێراندا، بەڵام ڕاگەیاندنەکە دواخرا بۆ پاش ئاهەنگەکانی ساڵیادی شۆڕشی ئیسلامی و هەروەهاش بۆ دوای هەڵبژاردنەکانی مەجلیسی شورای ئێران.

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئێران نکوڵی لە تەواوی لێدوانەکانی مەحبوب فەر کردووە و دەڵێت گەرگیزیش بەشێک نەبووە لە تیمی حکومەت بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەتای کۆرۆنا.

سیما سادات لاری، دەڵێت وەزارەتی تەندروستی ئێران بە شێوەیەکی ڕوون و ئاشکرا ڕۆژانە ئامارەکانی پەتای کۆرۆنا بڵاو دەکاتەوە و دەشڵێت "وەزارەتی تەندروستی، ئەنجومەنێکی سیاسی نییە و تەندروستی هاوڵاتیانی ئێرانی ئەرکی سەرەکییەتی."

تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، بەپێی لێدوانی وەزارەتی تەندروستی ئێران، نزیکەی 330 هەزار کەس توشی پەتای کۆرۆنا بوون و18616 کەسیش بەم پەتایە گیانیان لەدەستداوە.

دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران، ڕووبەڕووی ڕەخنە و ناڕەزاییەکی زۆر بوونەتەوە لەوەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، بەهۆی بەکارنەهێنانی ڕێوشوێنی پێویست بۆ ڕێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی پەتاکە، هاوشێوەی ئەوەی لە زۆر شوێنی ناوچەکدا دەبینرا.
ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە هەموو شوێنەکانی تر خراپتر پەتای کۆرۆنای تیادا بڵاوبۆتەوە.

XS
SM
MD
LG