Accessibility links

لیرەی تورکیا دەگاتە نزمترین ئاست


هەرچەندە ڕۆژی هەینی لیرەی تورکیا بە ئاستەم بەهاکەی بەرزبۆوە بەڵام بۆ ئاستێک دابەزیوە کە لە مێژووی ئەم دراوەی تورکیادا بەم شێوەیە دانەبەزیوە.

لە سەرەتای ئەم ساڵەوە بەهای لیرەی تورکی نزیکەی لەسەدا 19 بەرامبەر بە دۆلاری ئەمەریکایی دابەزیوە.

وەک شارەزایان دەڵێن ئەم کێشەیە بەهۆی هەڵاوسانی ئابورییە واتە وڵاتەکە خەرجییەکانی زیاترە لە داهاتەکەی. ئەمەش وای لە حکومەت کردووە ژمارەیەک ڕێوشوێنی ئابوری بگرێتەبەر بۆ ڕێگەگرتن لە داشکانی لیرەی تورکی بەڵام سەرکەوتوو نەبوو.

هەچەندە پێش پەتای کۆرۆناش باری ئابوری تورکیا خراپ بوو بەڵام شارەزایان پێیان وایە یەکێک لە هۆکارە هەرە سەرەکییەکانی تێکچوونی باری ئابوری تورکیا بەشێوەی ئێستا ئەوەیە کە بەهۆی پەتای کۆرۆنا زیانێکی زۆر گەیشتووە بە کەرتی گەشتوگوزاری کە یەکێکە لە پایە سەرەکییەکانی ئابوری تورکیا.

هۆکارێکی تریش گرژی و ئاڵۆزییەکانە لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپا بەهۆی ئەوەی تورکیا لە دەریای ناوەڕاستدا دەگەڕێت بەدوای نەوت و غاز و ئەمەش بۆتە هۆی ناڕەزاییەکی زۆری وڵاتی یۆنانی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا.

شارەزایان نیگەرانییەکی زۆریان لەمەڕ ئاستی یەدەکی تورکیا و سوربوونی سەرۆک رەجەب ئەردۆغان لە دژی بەرزبوونەوەی ئاستی قازانج دەردەبڕن.

XS
SM
MD
LG