Accessibility links

دکتۆر حسێن ئەلهنداوی: متمانەی سەرەکی بۆ هەڵبژاردنێکی ئازاد و ڕەوا لە عێراقدا، شەقامی عێراقییە.


سەرەک وەزیری عێراق، ڕۆژی 6ی مانگی شەشی ساڵی داهاتووی دەستنیشانکرد تا هەڵبژاردنی بەرایی لە وڵاتەکەیدا بکرێت.

دەستنیشانکردنی ئەو وادەیە لە کاتێکدایە کە هێشتا لە پەرلەمانی عێراقدا مشتومڕێکی زۆر هەیە لەسەر شێوازی کردنی هەڵبژاردن، هەرچەندە پەرلەمان یاسای نوێی هەڵبژاردنیشی پەسەند کردووە، بەڵام شێوازی بازنەکانی هەڵبژاردن یەکلانەکراونەتەوە.

ڕاوێژکاری سەرەک وەزیری عێراق بۆ کاروباری هەڵبژاردنەکان دەڵێت "پەیمان دراوە بە ماوەیەکی کەم دوای جەژن لە پەرلەماندا کار بکرێت بۆ یەکلاکردنەوەی ئەو مشتومڕانەی هەن."

لە ساڵی 2003 بە دواوە لە عێراقدا بەردەوام هەڵبژاردن کراوە بۆ پەرلەمان و بۆ ئەنجومەنەکانی پارێزگاکان، لەگەڵ ئەوەشدا کە دەکرێت بگوترێت لە هەر هەڵبژاردنێکدا ڕەوشی تایبەت هەبوون و کاریگەرییان هەبووە بەسەر هەڵبژاردنەکانەوە، لەوانە ڕەوشی ئاسایشی وڵاتەکە.

دکتۆر حسێن ئەلهنداوی دەڵێت لە ئێستادا ڕەوشی ئاسایشی باشە و خواست و سوربوونی خەڵکیش بۆ هەڵبژاردن لە ئاستێکی بەرزدایە و بڕوای خەڵکیش بە هەڵبژاردن و بە پرۆسەی دیموکراسی لە ئاستێکی زۆر بەرزدان و دەشڵێت ئەمانە هەمووی لەناو خۆپیشاندەرانی عێراقی و لەناو دەستەبژێری سیاسی و لەناو ڕۆشنبیرانی عێراقیشدا بە ئاشکرایی دەبینرێن.

دکتۆر ئەلهنداوی دەڵێت "یەکێک لە داوا هەرە سەرەکییەکانی خۆپیشاندەرانی وڵاتەکە لە مەیدانی تەحریری بەغدا و مەیدانەکانی تری شارەکانی باشور و ناوەڕاستی عێراقیش کردنی هەڵبژاردنێکی ئازاد و ڕەوا بووە."

هەندێک لە لایەنە سیاسییەکانی عێراق و بەتایبەتیش بەشێک لە لایەنە شیعەکان هەر لە ئێستاوە لێدوانی ئاگرین و وروژێنەر دەدەن سەبارەت بە هەڵبژاردن.

ڕاوێژکاری سەرەک وەزیری عێراق بۆ کاروباری هەڵبژاردنەکان دەڵێت "هەر لایەن یان پارتییەکی سیاسی کە لە دەسەڵاتدایە نایەوێت دەسەڵات لەدەست بدات. هەر جۆرە بەرەنگاربوونەوەیەکی دەیکەن یان هەر جۆرە کاردانەوەیەکی دەیانبێت بەرامبەر هەڵبژاردنی پێشوەخت لە عێراقدا وەک بارێکی ئاسایی سەیر دەکرێت. لە سیستەمی دیموکراسیدا پێویستە هەموو بەرەنگاربوونەوە و کاردانەوەیەک لە چوارچێوەیەکی ئاشتیانەدا بن و بەپێی پرەنسیپە دیموکراسییەکان بن، هیواداریشین وابەستەیی هەبێت بەو پرەنسیپانەوە و ڕێز لە خواستی عێراقییەکان بگیرێت."

دکتۆر ئەلهنداوی دەڵێت "ئەو هێز و لایەنە سیاسییانەی ئاڕاستەکانی نۆژەنکردنەوەی سیاسی و دیموکراسی ڕەتدەکەنەوە، بەبێ هیچ گومانێک لە کۆتاییدا ڕووبەڕووی ئاستەنگ دەبنەوە وەک ئەوە وایە لە بەرامبەر دیوارێکی گەورەدا وەستابن و پێویستە ئەو هێز و لایەنانە هەڵسەنگاندن بکەن بۆ ئەو جۆرە مەترسیانەی بەهۆی ئەو هەڵوێستانەیانەوە دێنە ئاراوە."

سەبارەت بە دەستێوەردانی دەرەکی لە هەڵبژاردنەکانی عێراقدا، ڕاوێژکاری سەرەک وەزیری عێراق بۆ کاروباری هەڵڵبژاردن دەڵێت "عێراقییەکان هەڵبژاردنێکی بێگەردیان دەوێت و دووریش بێت لە هەموو فشارێکی هەرێمی و نێونەتەوەییش، ژمارەیەک ڕێوشوێنی نوێ گیراونەتەبەر بۆ ڕەتکردنەوەی هەموو داراییەکی بیانی بۆ لایەنە سیاسییەکان و بە هەمان شێوەش بۆ دوورخستنەوەی چەک لە کاتی پرۆسەی هەڵبژاردندا و جەختکردنەوەش لە کارکردنی ئازادانەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن بۆ ڕێگەگرتن لەوەی هیچ جۆرە فشارێک نەخرێتە سەر دەنگدەرانی عێراقی."

لەسەر بنچینەی وتووێژەکەی لەگەڵ دکتۆر حسێن ئەلهنداوی ڕاوێژکاری سەرەک وەزیری عێراق بۆ کاروباری هەڵبژاردنەکان، بەڵێن ساڵح ڕاپۆرتێکی ئامادەکردووە.

زانیاری زیاتر لە دەقی ڕاپۆرتەکەدایە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:07:32 0:00


XS
SM
MD
LG