Accessibility links

مایک پەمپەیۆ: ئێران بەرپرسیارە لە وێرانکردنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست


وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەبەردەم کۆنگرێسدا جەخت دەکاتەوە لەوەی ئەمریکا کار لەسەر ڕێگەگرتن لە ئێران دەکات لەوەی چەک بۆ حوسییەکانی یەمەن دابین بکات.

مایک پەمپەیۆ، لە ئامادەبوونەکەی ڕۆژی پێنجشەممەیدا لەبەردەم کۆمیتەی پەیوەندییە دەرەوەییەکانی کۆنگرێسدا جەختی کردەوە لەوەی "ئێران بەرپرسیارە لە وێرانکردنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست" و هەروەها پەیمانیشی دا بۆ کارکردن لەسەر درێژکردنەوەی گەمارۆی چەک لەسەر ئێران.

سەبارەت بە تێکچوونی پەیوەندییەکان لەگەڵ چیندا، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت " چین مایەی هەڕەشە و مەترسییە و واشنتۆن بەردەوامە لە هەوڵە دیپلۆماسییەکانی خۆی لەگەڵ ژمارەیەک وڵاتدا بۆ کۆنترۆڵکردنی مەترسییەکانی چین."

لە لێدوانەکانیدا لەبەردەم کۆمیتەی پەیوەندییە دەرەوەییەکانی کۆنگرێسی ئەمریکادا، مایک پەمپەیۆ ئاماژەشی بەوە کرد کە لە ئێستادا ناخوازێت زانیارییە هەواڵگرییەکان باس بکات سەبارەت بەو پاداشتانەی ڕوسیا داینابوون بۆ کوشتنی سەربازی ئەمریکایی لە ئەفغانستان و هەروەهاش زانیارییەکان ئاشکرا ناکات لەسەر پەیوەندیەکانی سەرۆک ترامپ بە سەرۆکەکانی وڵاتانەوە.

پەمپەیۆ، بۆ یەکەم جارە لە ماوەی 15 مانگی ڕابردوودا لەبەردەم ئەم کۆمیتەیەی کۆنگرێسدا ئامادە ببێت، ئامادەبوونەکەشی لە چوارچێوەی کۆبوونەوەکانی کۆمیتەکەدایە بۆ پەسەندکردنی بودجەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا.

ئەندامانی دیموکرات لە کۆمیتەی پەیوەندییە دەرەوەییەکانی کۆنگرێسدا، لەم هەفتەیەدا ڕاپۆرتێکیان بڵاوکردۆتەوە و تیایدا بە توندی ڕەخنەیان لە شێوازی کارکردنی مایک پەمپەیۆ گرتووە و لە ڕاپۆرتەکەیاندا دەڵێن " پەمپەیۆ، زیانی لە تواناییەکانی وەزارەتی دەرەوە داوە بۆ بەجێگەیاندنی ئەرکە دیپلۆماسییەکان."

XS
SM
MD
LG