Accessibility links

ئەمەریکا 6400 سەربازی لە ئەڵمانیا دەکشێنێتەوە


ڕێبەرانی بەرگری ئەمەریکا ڕۆژی چوارشەممە ڕایانگەیاند لەژێر داواکاری سەرۆک دانۆڵد ترامپ بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە ئەڵمانیا، ئەمەریکا نزیکەی 6 هەزارو 400 سەبازی دەگێڕێتەوە بۆ وڵات و نزیکەی 5 هەزارو 600 سەربازی تریش ڕەوانەی وڵاتانی تری ئەوروپا دەکات.

ئەم بڕیارەی سەرۆک ترامپ بۆ کشانەوەی هێزەکان لە ئەڵمانیا زیاتر بەهۆی ئەوەیە کە دەڵێت ئەو وڵاتە ئامادە نەبووە خەجی زیاتری بەرگری لە ئەستۆ بگرێت. ژمارەیەک لە هێزەکانی ئەمەریکا دەچنە ئیتالیا و ئەم گۆڕانکارییە سەرەکییە دەبێتە هۆی گۆڕینی بنکەی سەرکردایەتی ئەمەریکا لە ئەوروپا و سەرکردایەتی ئۆپەراسیۆنی تایبەتی ئەوروپا لە شتەگەرتی ئەڵمانیاوە بۆ بەلجیکا.

وەزیری بەرگری مارک ئەسپەر گوتی هەندێک لە هەنگاوەکان لەم چەند مانگەوە دەستپێدەکات وە نزیکەی 24 هەزار سەرباز لە ئەڵمانیا دەمێننەوە. ئەو گوتیشی لە کاتێکدا بڕیارەکە بەهۆی فەرمانی سەرۆک ترامپەوە خێرا کراوە، هەنگاوەکان ئامانجەکانی ستراتیژییەکی گەورەتریش پێشدەخەن بۆ دانانی بەربەست بۆ ڕوسیا، دڵنیا کردنەوەی هاوپەیمانانی ئەوروپا و جوڵانی هێزەکان زیاتر بەرەو ڕۆژهەڵاتی کەناری دەریای ڕەش و هەرێمی بالتیک.

هەرچەندە سەرۆک ترامپ سەرلەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە هۆکارەکەی جارێکی تر دووپاتکردەوەو گوتی " ئێمە هێزەکانمان دەکشێنینەوە چونکە ئەوان خەرجییەکانیان نادەن. شتێکی زۆر سادەیە. ئەوان لاسارن." ئەو گوتیشی ڕەنگە جارێکی تر پێداچوونەوە بەسەر بڕیارەکەیدا بکات ئەگەر " خەرجییەکانیان بدەن."

بە پێی ڕاپۆرتان سەرۆک ترامپ ئەڵمانیای تاوانبار کردووە بەوەی نەیتوانیوە خەرجییەکان دابین بکات. وڵاتانی ئەندامی ناتۆ بەڵێنیان دابوو هەتا ساڵی 2024 لەسەدا 2 ی داهاتی بەرهەمی ناوخۆیان بۆ خەرجییەکانی بەرگری تەرخان بکەن و ئەڵمانیا هێشتا ئەو ئامانجەی نەپێکاوەو تەنها 1.4 لەسەدایە.

ژمارەیەک لە ئەندامانی خودی پارتەکەی سەرۆک ترامپ ڕەخنەیان لەم هەنگاوە گرتووەو بە دیارییەک بۆ ڕوسیا و هەرەسە بۆ ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا ناودێری دەکەن. 22 ئەندامی کۆماری لە کۆمیتەی ستونە لەشکرییەکانی ئەنجومەنی نوێنەران نامەیەکیان بۆ سەرۆک ترامپ نوسیوەو تیایدا دەڵێن کەمکردنەوەی بەڵێنەکانی ئەمەریکا بۆ ئەوروپا دەبێتە هۆی هاندانی ڕوسیا و کەڵک وەرگرتن لەم دەرفەتە.

وەزارەتی بەرگری ئەڵمانیا ئامدە نەبوو لەم بارەیەوە هێچ لێدوانێک بدات و گوتی پێویستە سەرەتا لە ناوخۆدا تاوتوێ بکرێت. ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئەنگێڵا مێرکڵ پشتیوانی لە خەرجییەکانی بەرگری ئەڵمانیا دەکات و دەڵێت لە ئێستادا زیادی کردووەو وڵاتەکەش بەردەوام کاردەکات بۆ زیادکردنی هەتا دەکاتە لەسەدا 2.

لە ئێستادا ئەمەریکا نزیکەی 47 هەزار سەربازو کارمەندی وەزارەتی بەرگری لە ئەڵمانیا هەیە.

XS
SM
MD
LG