Accessibility links

کاردانەوە لەسەر داخستنی کونسوڵخانەی ئەمریکا لە چین


وڵاتی چین داخستنی کونسوڵخانەی ئەمریکا لە شاری شینگدو ڕادەگەیەنێت.

وەزارەتی دەرەوەی چین دەڵێت ڕۆژی هەینی ڕابردوو، 72 کاتژمێری داوە بەو کونسڵخانەیەی ئەمریکا کە دەبێت دابخرێت.

ئەم بڕیارەی چین هاوکاتە لەگەڵ هەروادێ و بەرزبوونەوەی ئاستی پشێویەکانی نێوان بێژینگ و واشنتۆن دوابەدوای بڕیاری ئەمریکا بۆ داخستنی کونسوڵخانەی چین لە شاری هیوستن.

سەرچاوەکانی هەواڵ ئاماژە دەکەن بە جموجۆڵی کاربەدەستانی کونسوڵخانەکەی ئەمریکا و دەڵێن لە ڕۆژی هەینییەوە دەستکراوە بە چۆڵکردنی باڵەخانەی کونسوڵخانەکەی ئەمریکا.

دانیشتوانی شاری شینگدو ڕای جیاوازیان هەیە لەسەر داخستنی کونسڵخانەی ئەمریکا لە شارەکەیاندا و هەندێکیان لەوبڕوایەدان لە چوارچێوەی کار و کاردانەوەدایە و هەندێکیش پێیان وایە بڕیارێکی نەگونجاوی حکومەتی وڵاتەکەیانە.

ژمارەیەک دۆسێ، لەوانە بازرگانی و پەتای کۆرۆنا و خۆ بە خاوەن زانینی ژمارەیەک ناوچە لە دەریای باشوری چین و هەروەهاش سەرکوتکارییەکانی بێژینگ لە هۆنگ کۆنگ، پەیوەندییەکانی نێوان چین و ئەمریکایان بردووە بەرەو ئاستێکی خراپ کە دەکرێت بگوترێت لە دەیان ساڵی ڕابردوودا ئەو پەیوەندیانە هێندی ئێستا خراپ نەبوون.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لەسەر ئەم داخستنی کونسوڵخانەیە دەڵێت " زۆر نائومێد بووین بەرامبەر بڕیارەکەی حیزبی شیوعی چین و لەڕێی شوێنەکانی دیکەمانەوە لە چین بەردەوام دەبین لە هەوڵەکانمان بۆ خزمەتکردنی خەڵکی ئەو ناوچە گرنگە."

XS
SM
MD
LG