Accessibility links

سەرۆکی ڕێکخراوی تەندروستی جیهان: ئێمە دیلی کۆرۆنا نین


.

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی دەڵێت، پەتای کۆرۆنا بەردەوامە لە بڵاوبوونەوەی خێرای خۆیدا و دەشڵێت لە 6 هەفتەی ڕابردوودا ڕێژەی توشبووان بەم پەتایە دوو هێندە بووە.

تێدرۆس ئێدهانۆم، بەڕێوبەری گشتی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی دەڵێت، تا ئێستا لە سەرانسەری جیهاندا نزیکەی 16 ملیۆن کەس دووچاری ئەم پەتای کۆرۆنایە بوون و زیاتر لە 640 هەزار کەسیش بە کۆڤید 19 گیانیان لەدەستداوە.

تێدرۆس ئێدهانۆم، ڕۆژی پێنجشەممە سەرۆکایەتی کۆبوونەوەیەکی تایبەتی لیژنەی باری نائاسایی ڕێکخراوەکەی دەکات، وەک دەڵێت پێویستە ئەو کۆبوونەوەیە بکرێت پاش تێپەڕبوونی 6 مانگ بەسەر ڕاگەیاندنی باری نائاسایی تەندروستی لە جیهاندا بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە.

بەڕێوبەری گشتی ئەم ڕێکخراوەی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت لەو کۆبوونەوەیەدا ئەندامانی لیژنەکە پێشنیازەکانی خۆیان سەبارەت بەم پەتایە دەخەنە ڕوو.

لە لێدوانە ڕۆژنامەوانییەکەی ڕۆژی دووشەممەیدا لە بارەگای سەرەکی ڕێکخراوەکە لە ژنێڤ، تێدرۆس ئێدهانۆم بە پەیامنێرانی وتووە " پەتای کۆرۆنا جیهنی ئێمەی گۆڕیوە و خەڵک و کۆمەڵگەکان و وڵاتانیشی پێکەوە کۆکردۆتەوە."

هەروەها ئاماژەشی بە هەندێک لە میکانیزمەکان کردووە کە کاریگەرییان هەبووە لەنێو وڵاتاندا، لەوانە ڕێبەرایەتی سیاسی و پەروەردە و خوێندن، زیادکردنی تاقیکردنەوە تەندروستییەکان و هەروەها ڕێوشوێنەکانی تری خۆپاراستن لە پەتاکە.

تێدرۆس دەڵێت "ئێمە دیلی پەتای کۆرۆنا نین و هەر یەکێک لە ئێمە دەتوانێت جیاوازییەک دروست بکات و ئایندەش لە دەستی خۆماندایە."

XS
SM
MD
LG