پاش سەردانەکەی بۆ بەغداو کۆبونەوەی لەگەڵ کاربەدەستانی عێراق، پاش نیوەڕۆی ڕۆژی یەکشەممە وەزیری دەرەوەی ئێران محەمەد جەواد زەریف گەیشتە هەرێمی کوردستان و لەلایەن جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان و فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان پێشوازی لێکرا. پاشان لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی کۆبۆوە.
ئەمە یەکەم سەردانی دیپلۆماتی باڵای ئێرانە بۆ عێراق لەوەتای قاسم سولەیمانی فەرماندەی هێزەکانی قودسی سوپای پاسداران لە مانگی 1ی ئەم ساڵ لە هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئەمەریکا لە عێراق کوژرا.
زەریف لە میانەی کۆبونەوەکەیدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی عێراق فوئاد حسێن جەختیان کردەوە لەوەی سەقامگیری عێراق گرنگە بۆ هەرێمەکە لە کاتێکدا هەردوکیان باسیان لە ڕووداوەکانی ناوچەکە کرد.
وەزیری دەرەوەی ئێران لە بەغدا لەگەڵ سەرۆکی عێراق بەرهەم ساڵح و سەرۆک وەزیر مستەفا کازمیشدا کۆبۆوە.
بەگوێرەی كارنامەی سەردانەكە، بڕیارە وەزیری دەرەوەی ئێران لەگەڵ ، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی کوردستان و مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستانیش كۆببێتەوە.