ڕۆژی یەکشەممە سوریاییەکان لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەت چونە بنکەکانی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی نوێ هاوکاتی ڕێوشوێنی توندی تەندروستی بۆ ڕێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤاریرۆسی کۆرۆنا لە وڵاتەکەدا.
ئەمە سێهەم دەنگدانە لە سوریا ئەنجام بدرێت لەوەتای مانگی 3 ی ساڵی 2011 وە کە قەیرانی سوریا دەستیپێکرد. لەو کاتەوە هەتا ئێستا زیاتر لە 400 هەزار کەس کوژراون و نزیکەی نیوەی دانیشتوانی وڵاتەکە لەناوخۆدا ئاوارەبوون و زیاد لە 5 ملیۆن کەسیش لە وڵاتانی جیهاندا بوون بە پەنابەر بەتایبەتی لە وڵاتانی دراوسێی سوریا.
هەڵبژاردنەکەی ئەمساڵ دوابەدوای شەپۆلێکی نوێی سزاکانی ئەمەریکایە کە لە مانگی ڕابوردوو سەپێندران و هەڵمەتێکیش بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی کە تیایدا خاڵۆزایەکی بەشار ئەلئەسەد کەوتە ژێر فشار بۆ ئەوەی دەیان ملیۆن دۆلار بداتەوە بە دەوڵەت.
نزیکەی 1،656 کاندیدی کە لەلایەن حکومەتەوە پەسەند کراون لەم هەڵبژاردنەدا بۆ 250 کورسی پەرلەمان پێشبڕکێ دەکەن. ژمارەی ئەو کەسانەی کە مافی دەنگدانیان هەیە ڕانەگەیەندراوە.
لە ناو بنکەکانی دەنگداندا هەمو کارمەندەکان دەمامکیان پێچابوو و دەستکێشیان لەدەستدابوو و دەنگدەرانیش قەڵەمی خۆیان بەکاردەهێنا. هەر پاش ئەوەی دەنگەکەیان دەدا دەستبەجێ لە بنکەکە دەردەچوون لە کاتێکدا ڕێگەنەرابوو لە ژوورەوە هیچ قەرەباڵغییەک دروست ببێت. کاتێکیش خەڵکی ڕیزیان گرتبوو بۆ دەنگدانەکە دوور لە یەک ڕاوەستابوون.
سەرلەبەیانی ڕۆژی یەکشممە بەشار ئەسەد و ئاسمای هاوسەری کە هەردووکیان دەمامکیان پێچابوو لە وەزارەتی کاروباری سەرۆکایەتی لە دیمەشق دەنگی خۆیان دا.
ئەسەد هەتا ئێستا دوو جار لەمساڵدا دەنگدانەکەی دوواخست بە بیانوی کۆتوبەندەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا.