Accessibility links

زیادبوونی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئافریکای باشور هاوکاتی کەمی ئۆکسجین لە نەخۆشخانەکان


شەپۆلێکی توندی ڤایرۆسی کۆرۆنا گەیشتە ئافریکای باشور. لەوێ گرفتی کەمی ئۆکسجین ڕەوشەکەی ئاڵۆزتریش کردووە.

نەخۆشخانەکانی پارێزگای گاتینگ، نێوەندی نوێی نەخۆشییەکە لە وڵاتەکەدا کە شارەکانی جۆهانسبەرگ و پریتۆریای پایتەختیشی لێیە لە ئێستاوە بە دەست کەمی ئۆکسجینەوە دەناڵێنن.

وەزیری تەندروستی زویلی مخایز، ڕۆژی هەینی سەردانی یەکێک لە نەخۆشخانەکانی کرد و گوتی کاربەدەستان لەگەڵ کارگەکاندا کاردەکەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئۆکسجین و گواستنەوەی بۆ بنکە تەندروستییەکان.

هەندێک لە نەخۆشخانەکان، نەخۆشەکانیان لە نێو چادر لە شوێنی ڕاگرتنی ئۆتۆمبێلەکاندا داناوە. لە کاتێکدا لە باشوری نیوەگۆی زەوی ئێستا ناوەڕاستی زستانە، ئەو نەخۆشانە لە ژێر پەتوویەکی تەنک لە دەرەوە دانراون لە کاتێکدا چاوەڕاوان دەکرێت لەم کۆتایی ئەم هەفتەیەدا پەلەی گەرما بگاتە ژێر سفر.

شەوی هەینی ئافریکای باشور 13 هەزارو 674 حاڵەتی نوێی ڕاگەیاند، لە کاتێکدا ئەو وڵاتە هەرە پێشکەوتووەی ئافریکا بۆتە چەقی نوێی ڤایرۆسەکە لە جیهانداو و هەتا ئێستا زیاتر لە 238 هەزار حاڵەتی تۆمار کردووە. زیاتر لە سێ بەشی ئەو حاڵەتانە لە پارێزگای گاتینگ تۆمار کراون.

وەزیری تەندروستی مەخایز لەم هەفتەیەدا ڕایگەیاند " ئەو تۆفانەی کە بەردەوام هۆشداریمان لەسەری دەدا بە هاووڵاتیان ئێستا گەیشتووە."

پەرستارێک لە نەخۆشخانەی کرس هانی براگوانانت، سێهەم گەورەترین نەخۆشخانەی جیهان کە زیاتر لە 3 هەزار جێی نەخۆشی تێدایە، دەڵێت لە ئێستادا حاڵەتە نوێیەکانی ڤایرۆسەکە لە نەخۆشخانەی ئاسایی دەخەوێندرێن چونکە ئەوانەی بۆ کۆڤد19 تەرخان کرابوون جێگەیان نەماوە.

ئەو پەرستارە بە مەرجێک ناوی ئاشکرا نەکرێت بە ئاژانسی ئەسۆشیەیتدی گوتووە " نەخۆشخانەکانمان پڕ بوون. لە ماوەی دوو هەفتە لەمەوبەرەوە نەخۆشەکان ئێجگار زۆر بوون."

دەشڵێت هەتا دێت زیاتر لە هاوکارەکانی توشی ڤایرۆسەکە دەبن تەنانەت ئەو کەسانەش کە لە نێوەندەکانی کۆڤد19 کارناکەن.

هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە زیاتر لە 8 هەزار کارمەندی تەندروستی لە سەرانسەری ئافریکا توشی کۆرۆنا بوون و نیوەی زیاتری ئەو ژمارەیە لە ئافریکای باشورە.

XS
SM
MD
LG