ڕۆژی هەینی نرخی نەوت لە بازاڕی جیهاندا دابەزی و گەیشتە نزمترین ئاستی هەفتەکە لە کاتێکدا ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا گەیشتە بەرزترین ئاست و نیگەرانی لەمەڕ هاتنەوەسەرخۆی ئابوری و داخوازی لەسەر سوتەمەنی دروستکرد.
نرخی نەوتی برنت نزیکەی 2% دابەزی و نرخی نەوتی خاوی ئەمەریکاش بە ڕێژەی %4.
ڕۆژی پێنجشەممە 60 هەزار و 500 حاڵەتی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا تۆمارکرا ئەمەش بەرزترین ڕێژە بوو لە ڕۆژێکدا.
ستیڤن برینۆک بازرگانی نەوت دەڵێت " لەدەستدانی کاری زیاتر بەڕێگاوەیە لە کاتێکدا چەندین ویلایەتی تر جارێکی تر قەدەغەکردنی هاتوچۆ ڕادەگەیەنن. ئەمەریکا هێشتا چەقی پەتاکەیە و ئەمەش دەرەنجامی خراپی دەبێت بۆ داواکارییەکان لەسەر نەوت."
ئاژانسی وزەی نێونەتەوەیی IEA ڕۆژی هەینی داخوازییەکانی ساڵی 2020ی نەوتی بەرزکردەوە بەڵام هۆشداریشی دا بڵاوبوونەوەی کۆڤد19 هەڕەشە دەخاتە سەر درەنجامەکەی.
ئاژانسەکە دەڵێت " لە کاتێکدا بازاڕی نەت بەبێ هیچ گومانێک لە هەندێک وڵاتدا پێشوەچوونی بەخۆوە بینی، بەرزبوونەوەی حاڵەتەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەندێک لە وڵاتاندا وەبیرهێنانەوەیەکی بێزارکەرە کە ئەم پەتایە کۆنترۆڵ نەکراوە."