Accessibility links

قەیرانە ئابورییەکانی ئێران پشتیوانی دارایی بۆ گروپە چەکدارەکانی عێراق کەمدەکاتەوە


پشتیوانی دارایی و لەشکری ئێران بۆ گروپە چەکدارە بەکرێگیراوە شیعەکانی لە عێراق، بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا و سزاکانی ئەمەریکا بە شێوەیەکی بەرچاو کەمبۆتەوە.

ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری سێ سەرکردەی هێزە نیمچە لەشکرییەکانی عێراق و کاربەدەستێکی خۆجێهی کە ئاگاداری ڕووداوەکانە دەڵێت بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناو داخستنی سنورەکان بۆ ڕێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسەکە، پارەی تاران بۆ ئەو گروپە ملیشا شیعانە لەم چەند مانگەی دواییدا بڕاوە. هەر سێ سەرکردەکە ڕایانگەیاندووە ئێران بە شێوەیەکی گشتی بودجە تەرخان دەکات بۆ ئۆپەراسیۆنە لەشکرییەکانی پەیوەست بە چالاکییەکانی ئەو هێزە چەکدارانەی کە شەڕی دژ بە بەرهەڵستانی ئێران دەکەن، لە ناویاندا هێرشەکانیش بۆ سەر ئامانجەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکە.

سەرکردەی یەکێک لە گروپە بەهێزە چەکدارە شیعەکانی عێراق دەڵێت لەو کاتەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سەرەتای ئەمساڵەوە لە ئێران سەریهەڵداوە، ئێران هاوکارییە داراییەکانی بۆ چوار گروپی سەرەکی لە عێراق کردۆتە 2 بۆ سێ ملیۆن دۆلار کە پێشتر 4 ملیۆن و نیو بۆ 5 ملیۆن دۆلار بوو. ئەوان دەڵێن کەمکردنەوەی بودجەکە کاریکردۆتە سەر ئۆپەراسیۆنەکانی گروپە ملیتانەکان و فشاری بۆیان بردووە تا بەدوای سەرچاوەی تری داراییدا بگەڕێن بۆ ئۆپەراسیۆنە لەشکرییەکانیان.

گرفتە ئابورییەکانی ئێران بەهۆی پەتای کۆرۆناوە هاوکاتە لەگەڵ فشارە ئابورییەکانی ئەمەریکا بۆ سەر ئێران.

کاربەدەستێکی خۆجێهی دەڵێت بودجەی تاران بۆ ئەو گروپانە بە بڕی ملیۆنان دۆلار کەمی کردووە. سزاکانی ئەمەریکا و ڤایرۆسی کۆرۆنا و هەروەها دابەزینی نرخی نەوت بوونەتە هۆی کەموکورتییەکی زۆری بودجەی لەشکری ئێران و ناچار بووە خەرجییەکانی کەمبکاتەوە بە خەرجییەکانی سوپای پاسدارانیشەوە.

نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا بۆ ئێران براین هوک، کۆک بوو لەسەر ئەوەی سزاکانی ئەمەریکا بۆ سەر ئێران کاریگەرییان هەیە لەسەر پشتیوانی دارایی ئێران بۆ گروپە چەکدارەکان و دەڵێت " ئەمەش بەڵگەی زیاترە کە هەڵمەتی ئەوپەڕی فشار سەرکەوتوانە داهاتی ئێران ناهێڵێت بۆ دابین کردنی دارایی گروپە بەکرێگیراوە تیرۆرستیەکان و ڕەفتارە تێکدەرەکانی تری لە سەرانسەری ناوچەکەدا." بەڵام هوک ئاماژەی بەوە نەکردووە تا چ ئاستێک ئەم کاریگەریی هەیە.

نوێنەری ئەمەریکا بۆ کاروباری ئێران لە سەرەتای ئەم هەفتەیەشدا گوتی ئەو گەمارۆ چەکییەی نەتەوە یەکگرتووەکان سەپاندویەتی بەسەر ئێراندا دەبێت وەک خۆی بمێنێتەوە.

برایان هوک دەڵێت ئەو بڕیارەی یوئێن وەهای کردووە ئێران نەبێتە دەوڵەتێکی بازرگانی چەک بۆ وڵاتە بێزراو و ڕێکخراوە تێرۆریستییەکان.

XS
SM
MD
LG