Accessibility links

برایان هوک: گەمارۆی چەک وەهای کردووە ئێران نەبێتە دەوڵەتێکی بازرگانی چەک بۆ وڵاتە بێزراو و ڕێکخراوە تێرۆریستییەکان.


F

نوێنەری ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران دەڵێت ئەو گەمارۆ چەکییەی نەتەوە یەکگرتووەکان سەپاندویەتیە سەر ئێران دەبێت وەک خۆی بمێنێتەوە.

برایان هوک دەڵێت ئەو بڕیارەی یوئێن وەهای کردووە ئێران نەبێتە دەوڵەتێکی بازرگانی چەک بۆ وڵاتە بێزراو و ڕێکخراوە تێرۆریستییەکان.

بەڕێز هوک لە لێدوانەکانیدا بۆ ئاژانسی دەنگ و باسی ئەسیۆشێتد پرێس، دەڵێت دەبێت وڵاتانی جیهان هەڕەشەکانی ئێران بۆ تۆڵەکردنەوە فەرامۆش بکەن هاوکاتی درێژکردنەوەی بڕیاری گەمارۆی چەک لەسەر ئێران و ئەو هەڕەشانەشی بە شێوازێک لە شێوازەکانی کارکردنی مافیایی ناودێر کردووە.

برایان هوک جەخت دەکاتەوە لەوەی درێژکردنەوەی ئەو گەمارۆ چەکیانە لەسەر ئێران دەبێت بمێننەوە، وەک دەڵێت " بۆ دڵنیابوون لە سەقامگیریی ئاسایش لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا."
نوێنەری ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران باسیش لەوە دەکات، ئەگەر بێتوو ئەو گەمارۆ چەکیانە لە سەر ئێران هەڵبگیرێن ئەوا تاران بە ئاشکرا دەستدەکاتەوە بەو کارانەی بە نهێنی دەیانکات.

ئەم لێدوانانەی برایان هوک هاوکاتی سەردانە فەرمییەکەین بۆ ئەبو زەبی، کە لەوێ لەگەڵ عەبدوڵا بن زاید ئال نهیان، وەزیری دەرەوە و گەورە کاربەدەستانی میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەبدا کۆبۆتەوە.

نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ساڵی 2010دا گەمارۆی چەکی سەپاندۆتە سەر ئێران هاوکاتی ئەو مشتومڕە زۆرەی لەسەر بەرنامە ناوکییەکەی ئێران هەبوو.

پێشتریش گەمارۆیەکی تر لەسەر ئێران هەبوو بۆ هەناردە کردنی چەک.

لە ڕاپۆرتێکی ساڵی ڕابردووی پەنتاگۆندا، ئاماژە بە هەوڵەکانی ئێران کراوە کاتێک گەمارۆی چەکی لەسەر هەڵدەگیرێت بۆ کڕینی چەکی پێشکەوتووی ڕوسیایی، لەوانە فڕۆکەی جەنگی و فڕۆکەی تایبەت بە مەشق و ڕاهێنان و تانکی تی 90 و هەروەهاش سیستەمی بەرگری موشەکی، جۆری ئێس 400.

لە مانگی 10ی داهاتوودا وادەی گەمارۆی چەک لەسەر ئێران کۆتایی پێدێت.

XS
SM
MD
LG