ئافریکای باشور یەکەم وڵاتی ئافریکایە بەشداری بکات لە تاقیکردنەوەکان لەسەر مرۆڤ بۆ شیانی ئامادەبوونی ڤاکسینێکی دژ بە ڤایرۆسی کۆرۆنا کە هەتادێت لە وڵاتەکەدا زیاتر بڵاو دەبێتەوە.
زانکۆی ئۆکسفۆرد بە هاوکاری لەگەڵ زانکۆی ویتواتەرسراندی ئافریکای باشور، ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند هەزاران خۆبەخشی تەمەن 18 بۆ 65 ساڵان کە ڤاکسینەکەیان لێدراوە بۆ 12 مانگی داهاتوو چاودێری دەکرێن تا بزانن ئەو ڤاکسینەی دژ بە کۆڤد19 کاریگەری دەبێت یان نا.
ئافریکای باشور دووهەم وڵاتە لە دەرەوەی بەریتانیا بەشداری لەو تاقیکردنەوەیەی زانکۆی ئۆکسفۆرد بکات پاش ئەوەی بەرازیلیش لە ڕۆژی چوارشەممە تاقیکردنەوەکەی دەستپێکرد.
زاناکانی زانکۆی ئۆکسفۆرد، کە ڤاکسینەکەیان دروست کردووە لەگەڵ کۆمپانیای بەرهەم هێنانی دەرمان AstraZeneca کاردەکەن بۆ بەرهەمهێنانی.
شەبیر مادهی پرۆفیسۆر لە زانکۆی ویتواتەرسراند دەڵێت ئەمە یەکەم تاقیکردنەوەیە لە بەلایەنی کەم 3 بۆ 4 تاقیکردنەوەی تری ڤاکسینی دژ بە کۆڤد19 کە بڕیارە لە ماوەی 6 مانگی داهاتوودا لە ئافریکای باشور ئەنجام بدرێت.
ئافریکای باشور هێواش هێواش خەریکە کۆتو بەندەکانی قەدەغەکردنی هاتوچۆ بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە هەڵدەگرێت، زۆرترین ڕێژەی توشبووی هەیە لە ئافریکادا، زیاد لە 100 هەزار حاڵەتی تیادا تۆمار کراوەو زاتر لە 2 هەزار کەسیش بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستداوە.
لە هەمان کاتدا وەزارەتی تەندروستی بەرازیل ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند حاڵەتەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە وڵاتەکەدا لە بەرزبوونەوەدایە، لەوەتای ئەم پەتایە دەستیپێکردووە یەک ملیۆن و 200 هەزار کەس لەو وڵاتە توشی ڤایرۆسەکە بوون و زیاتر لە 53 هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە.