سەرۆک ترامپ کۆبوونەوە لەگەڵ نیکۆلاس مادورو، سەرۆکی ڤەنزەوێلا بە دوور نازانێت و لە هەمان کاتیشدا لە گرنگی خوان گوادیۆی کەمکردەوە وەک ئۆپزسیۆنێک.
لە مانگی یەکی ساڵی 2019وە لە ڤەنزەویلا ململانێ بۆ دەسەڵات لە نێوان خوان گوادیۆ، سەرۆکی ئەنجومەنی نیشتمانی و مادورۆ سەرۆکی وڵاتەکەدا هەیە.
گوادیۆ خۆی بە سەرۆکی ڤەنزەوێلا ڕاگەیاند بە وەکالەت، وەک هەوڵێک بۆ لادانی مادورو هاوکاتی دەستپێکردنی گەڕی دووهەمی سەرۆکایەتییەکەی پاش ئەو هەڵبژاردنەی، ئۆپزسیۆنی وڵاتەکە بایکۆتی کرد. کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی ئەو هەڵبژاردنەیان بە هەڵبژاردنێکی ساختە ناودێرکرد.
نزیکەی 60 وڵات، لە سەرو هەموشیانەوە ئەمریکا دانیان بە گوایدۆدا ناوە وەک سەرۆکی ڤەنزەویلا بە وەکالەت، لە کاتێکدا چین و ڕوسیا پشتیوانییان لە مادورو دەکرد.
ئەمریکا سزای سەپاندۆتە سەر ڕژێمەکەی مادورو.
سەرۆک ترامپ لە دیمانەکەیدا لەگەڵ ماڵپەڕی ئەکسیۆس وتوویەتی "دەشێت بیر لە کۆبوونەوە لەگەڵ مادورو بکەمەوە، مادورو دەخوازێت کۆببینەوە. هەرگیز دژی کۆبوونەوە نیم، وەک دەزانن زۆر بە دەگمەن نەبێت، دەنا دژی کۆبوونەوە نیم، بەردەوام دەڵێم بە کۆبوونەوە کردن هیچ شتێک لە دەست نادەین."
لە مانگی 3ی ڕابردوودا، دەسەڵاتی دادوەری تاوانی "تێرۆر لە پەیوەندی بە بەنگ و موخەدەراتەوە" ئاڕاستەی مادورو، سەرۆکی ڤەنزەوێلای کرد و هەروەها پاداشتی 15 ملیۆن دۆلاری ڕاگەیاند بۆ دەستگیرکردنی مادورو.
بەپێی ماڵپەڕی ئەکسیۆس، سەرۆک ترامپ ئاماژەی بەوەش کردووە متمانەیەکی زۆری بە گوادیۆ نییە.