Accessibility links

ئەفسانەکەی تۆپی پێی عێراق بە کۆرۆنا گیانی لەدەستدا


ئەحمەد ڕازی، وەرزشەوانی ناوداری عێراق
ئەحمەد ڕازی، وەرزشەوانی ناوداری عێراق

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عێراق گیان لەدەستدانی یەکێک لە وەرزشەوانە ناودارەکانی وڵاتەکەی ڕاگەیاند.

سەیف ئەلبەدر، دەڵێت ئەحمەد ڕازی تەمەن 56 ساڵ، بەر لە نزیکەی یەک هەفتە لە نەخۆشخانە هێڵراوەتەوە پاش ئەوەی بەرەنجامی پشکنینە تەندروستییەکان نیشانی داوە کە ڕازی توشی پەتای کۆرۆنا بووە.

ئەحمەد ڕازی، ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو نەخۆشخانە جێدەهێڵیت، وەک دەگوترێت ڕەوشی تەندروستی ئەم وەرزشەوانە عێراقییە بەرەو باشی ڕۆیشتووە، بەڵام دوای چەند کاتژمێرێک بە خێرایی گەیەندراوەتەوە نەخۆشخانە.

ئاژانسی دەنگ و باسی عێراق دەڵێت، دوای ئەوەی ڕازی لە نەخۆشخانە دەردەچێت جارێکی تر هەناسە تەنگییەکی بەهێز ناچاری دەکات بگەڕێتەوە نەخۆشخانەی نوعمان لە بەغدا، بەر لەوەی ببرێت بۆ عەمان، پایتەختی شانشینی ئوردون تا لەوێ چارەسەر بکرێت.

لە دواترین لێدوانیدا لەڕێی ڤیدیۆییەوە، ئەحمەد ڕازی وتوویەتی، "کێشەی خەوتنم هەبووە و ئەمەش بۆتە هۆکاری هەناسە تەنگییەکەم، هەندێک جار هەست بە هەناسە تەنگی دەکەم و ئەمەش کارێکی ئاساییە."

عەدنان درجال، وەزیری لاوان و وەرزش لە حکومەتی عێراق، هەروەها موئەید ئەللامی، نەقیبی ڕۆژنامەوانانی عێراق بەردەوام لە هەوڵدابوون بۆ ناردنی ڕازی بۆ ئوردون، بەڵام وەک ئاژانسی دەنگ و باسی عێراق دەڵێت، مەرگ خێراتر بوو لەو فڕۆکەیەی لە تورکیا بە کرێ گیرابوو بۆ گواستنەوەی ئەحمەد ڕازی وەرزشەوانی ناوداری عێراق بۆ عەمان.

ئەحمەد ڕازی لە ساڵی 2007دا ئەندامی پەرلەمانی عێراق بووە.

XS
SM
MD
LG