پزیشکان هەوڵ دەدەن هەندێک لە دژەتەنە هەرە بەهێزەکان کۆبکەنەوەو ڕێژەکەیان زیاد بکەن و پاشان دژ بە ڤایرۆسی کۆڤد19 بەکاری بەکاریان بهێنن.
ئەم ڕێگەیە کە بە چارەسەری دژەتەنی مۆنۆکلۆناڵ (monoclonal) ناسراوە، دەشێ وەکو چارەسەرێک بەکاربێت بۆ نەخۆشەکانی توشبوو بەڤایرۆسی کۆرۆنا و هەروەها ڕێگەگرتنیش لەوەی کارمەندانی تەندروستی و کەسانەی کە لەمەترسی توشبووندان توشی ڤایرۆسەکەبن.
چاوەڕوان دەکرێت لەم هاوینەدا بەلایەنی کەم 6 کۆمپانیا تاقیکردنەوەی دژەتەنەکان بۆ توشبوانی کۆڤد19 بکەن.
ئەم ڕێگەیەی مۆنۆکلۆناڵ لە چەندین نەخۆشی تردا وەکو ئامرازێکی بەهێز کاریکردووە لەوانەشدا نەخۆشی شێرپەنجە و هەوکردنی جومگە و هەروەها بۆ چارەسەرییەکی نوێی دژ بە ئیبۆلاش لە بەڕێوبەرایەتی دەرمان و خۆراکی ئەمەریکا (FDA) لە ژێر چاودێریدایە.
دژەتەنەکان ڕێگەیەکی باشترە لەو دەرمانە ئاساییانەی تری کە هەوڵ دەدرێت نزیک بکرێنەوە بۆ چارەسەری دژ بە کۆڤد19.پرۆسەکەش دەشێ خێراتر ئەنجام بدرێت.
لورا والکەر لە کۆمپانیای ئەدیمەب بۆ تەکنەلۆژیای بایۆلۆژی دەڵێت "تەواوی پرۆسەکە، لە وەرگرتنی نمونەکانی خوێنەوە بۆ ئامادەکردنی دژە تەنەکان بۆ نێوەندەکانی تەندروستی نزیکەی 3 مانگی پێچوو."
لە کاتێکدا پشکنین بۆ ئەوەی چەندێک پارێزراوە، تازە دەستیپێکردووە بەڵام واڵکەر دەڵێت چارەسەری بە ڕێگای دژەتەنەکان بە شێوەیەکی گشتی پارێزراوە " هەمو کەسێک بە شێوەیەکی سروشتی ئەو دژەتەنانە دروست دەکات."
ئەو گوتیشی لەکاتێکدا ئەم چارەسەرییە لەسەر بنەمای ئەو بەشەی بەرگری لەشە کە لێکۆڵینەوەی باشی لەسەر کراوە، کاریگەرییەکانی دژەتەنی مۆنۆکلۆناڵیش زۆر دەبێت.
دژەتەنەکان بەشێکی سەرەکی سیستمی بەرگری لەشە. کارکردنی ئەوان بەشێوەیەکە کە بەرگری لە دژی هەر میکرۆبێکی هێرشبەر دەکەن. ئەم دژەتەنانە ڕێگە لە میکرۆبەکان دەگرن بچنە نیو خانەکان و ببنە هۆی پیسبوونی یان ژەهراوی بوون.
پێکوتیش( ڤاکسین) بەهەمان شێوە کار دەکات. بەڵام لە کاتێکدا ئێستا هیچ پێکوتێکی دژ بە کۆڤد19 ئامادە نییە، جۆ جەرداین لە ڕێکخراوی IAVI کە ڕێکخراوێکی ناحکومی لێکۆڵینەوەی زانستییە، دەڵێت " ئێمە بازدەدەین بەسەر هەنگاوی کوتان لەم کاتەدا و ڕاستەوخۆ ئەم دژەتەنانە دروست دەکەین."
زۆربەی دژەتەنەکانیش هی ئەو کەسانەن کە توشی ڤایرۆسی کۆڤد19 بوون و چاکبوونەتەوە. پلازمای خوێنەکەیان پڕن لەم دژەتەنانە، بۆیە پزشکان تاقیکردنەوەی ئەوە دەکەن ئایە پلازمای خوێنی نەخۆشک بدرێت بە نەخۆشێکی تر یان نا. پلازمای ئەو کەسانەی کە چاکبوونەتەوە دەشێ ببێتە چارەسەری یان ڕێگەگرتن لە ڤایرۆسەکە.
بەڵام بۆ چارەسەری نەخۆشەکان کۆکردنەوەی ژمارەیەکی زۆری پلازما هەوڵ و کۆششێکی زۆری دەوێت، و دەشبێت پشکنین بۆ پلازماکە بکرێت تا دڵنیابن لەوەی خوێنبەخشەکان نەخۆشی تریان نەبێت.
لە ماوەی ئەم ساڵانەی دواییدا تەکنەلۆژیا دەریخستووە کە دەتوانرێت لە نێو ملیۆنان خانەدا ئەوانە دەستنیشان بکرێن کە بەهێزترین دژەتەنەکانی دژ بە میکرۆبی دیاریکراوی تێدایە. پاشان ئەم خانانە بنچینەی پرۆسەی زیادکردنی ڕێژەی دژەتەنەکان بە شێوەیەکی دەستکرد دیاری دەکەن.
نەخۆشەکان بە ڕێگای دەرزی یان قەترەیەک بۆ ناو دەماری خوێنیان ئەم چارەسەرییەیان بۆ دەکرێت.
هەتا ئێستا چارەسەری دژەتەنی مۆنۆکلۆناڵی دوو کۆمپانیا چوونەتە بواری تاقیکردنەوە بۆ ئەو نەخۆشانەی کەبەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە نەخۆشخانە ماونەتەوە. چاوەڕوان دەکرێت لەم هاوینەدا بەلایەنی کەم هینی 4 کۆمپانیای تریش تاقیبکرێنەوە.
ئەم دەژەتەنانە دەشێ بە شێوەیەکی کاتی وەکو پێکوتیش بۆ ڕێگەگرتن لە نەخۆشییەکەش بەکاربێت.
جۆ جەرداین دەڵێت " ئەمە وەکو چارەسەرییەکی کاتیی دەبێت بۆ کارمەندانی تەندوستی و ئەوانەش کە مەترسی توشبوونی ڤایرۆسەکەیان زۆرە، هەتا ئەو کاتەی پێکوتێک ئامادە دەبێت."
گروپی والکەر چەندین جۆری دژە تەنیان جیاکردۆتەوە کە ڕێگری نەک تەنها لە کۆڤد19ی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەکات بڵکو ئەوانەش کە لە سارس و جۆرێکی کۆرۆناش لە ناو شەمشەمەکوێرەدا دۆزراوەتەوە.
ڤایرۆسی کۆڤد19 سێهەم جۆری ڤایرۆسی کۆرۆنایە کە لە ماوەی 20 ساڵی ڕابوردوودا بڵاوبونەتەوە و بۆ ئاژەڵ و مرۆڤیش کوشندە بوون. ژمارەیەک جۆری تریش لە ناو شەمشەمەکوێرەو ئاژەڵەکانی تردا بڵاوبوونەتەوە.