Accessibility links

مۆسکۆ بڕیاری زیندانیکردنی پۆڵ ویلان دەدات


دادگایەکی ڕوسیا بڕیاری 16 ساڵ زیندانیکردنی کاردارێکی ئەمریکایی دەدات بە تاوانی سیخوڕایەتیکردن.

دادگای شاری مۆسکۆ، ڕۆژی دووشەممە بڕیاری زیندانیکردنی پۆڵ ویلان دەدات لە دادگاییکردنێکی داخراودا.

ویلان و براکەی ئەو بڕیارەی دادگا ڕەتدەکەنەوە و بە بڕیارێکی سیاسی ناودێری دەکەن.

پۆڵ ویلان، کە مانگی 12ی ساڵی 2018 لە مۆسکۆ دەستگیر کرا، جەخت دەکاتەوە لەوەی بێتاوانە و دەشڵێت خراوەتە تەڵەیەکەوە.

دوابەدوای ڕاگەیاندنی بڕیارەکە، جۆن سولیڤەن، باڵیۆزی ئەمریکا بۆ ڕوسیا ناڕەزایی دەربڕیوە بەرامبەر وەک دەڵێت "ئەو دادگایی کردنە نهێنیەی هیچ بەڵگەیەکی تیادا نەخراوەتە ڕوو" دەشڵێت ئەو دادگاییکردنە پێشێلکارییەکی ئاشکرایانەی مافەکانی مرۆڤ و پێوانە یاساییە نێونەتەوەییەکانە.

بەڕێز سولیڤەن، گوناهبارکردنەکەی ویلان بە گاڵتەجاڕی کردن بە دادوەریی باس دەکات و داوای دەستبەجێ ئازادکردنیشی کردووە.

دەیڤد، برای پۆڵ دەڵێت پارێزەرەکان ئەو بڕیارەی دادگای مۆسکۆ دەخەنە بەردەم دادگای پێداچوونەوە و دەشڵێت "ئەو بڕیارەی دادگا کۆتاییهێنانە بە دوا بەشی ئەو پرۆسە شەرمەزارییەی دادوەریی."

دەیڤد دەڵێت " بە هیوابووین هەندێک بێلایەنی و سەربەخۆیی لە دادگادا دەربکەوێت، بەڵام دادوەرە ڕوسیاییەکان بەشێکن لە دامەزراوەی سیاسی نەک یاسایی. چاومان لەوەیە حکومەتی ئەمریکا هەنگاوی دەستبەجێیی بنێت بۆ گێڕانەوەی پۆڵ بۆ نیشتمان."

ویلان بە سەردان لە ڕوسیا بووە بۆ بەشداریکردن لە ئاهەنگی هاوسەرگیری هاوڕێیەکیدا.

ویلان، ڕەگەزنامەی بەریتانیایی و ئێرلەندایی و کەنەدایی هەیە و بەڕێوبەری بەشی ئاسایش بووە لە کۆمپانیایەک و پێشتریش لە هێزی دەریایی ئەمریکادا بووە.

لەو ڕۆژەشەوە کە لە ڕوسیا گیراوە بە ئاشکرایی ناڕەزایی و گازەندەی خۆیی دەربڕیوە بەهۆی خراپی ڕەوشی گرتوخانەکانی ڕوسیاوە.

XS
SM
MD
LG