Accessibility links

نوێترین ئاماری زیانە گیانییەکانی کۆرۆنا لە ئێران


زیاتر لە 100 کەس مردوون بە پەتای کۆرۆنا لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا لە کۆماری ئیسلامی ئێران.

دەمڕاستی وەزارەتی تەندروستی ئێران لە لێدوانەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە لە نیوەڕۆی ڕۆژی شەممەوە تا نیوەڕۆی ڕۆژی یەکشەممە، 107 کەس لە ئێران بە هۆی کۆڤید 19وە گیانیان لەدەستداوە.

لەوەتای پەتای کۆرۆنا لە ئێران بڵاوبۆتەوە، بەپێی لێدوانی کاربەدەستانی وڵاتەکە، تا ئێستا 8837 کەس بەهۆی ئەم پەتایەوە مردون.

سیما سادات لاری، لە لێدوانەکەی ڕۆژی یەکشەممەیدا مەخابنی خۆی دەربڕیوە بەوەی جارێکی تریش ژمارەی ئەوانەی بەهۆی کۆڤید 19وە گیانیان لە دەستداوە لە 24 کاتژمێری ڕابردوودا، بەرزبۆتەوە و دەشڵێت "وەزیری تەندروستی ئێران هەمیشە ئاماژە بەوە دەکات کە ناتوانرێت پێشبینی بەرەنجامەکانی ئەم ڤایرۆسە کوشندەیە بکرێت و پێویستی بە بەرەنگاربوونەوەیەکی ڕاستەقینەی بە کۆمەڵ هەیە و پێویستیشە بە شێوەیەکی ڕژد وابەستەی ڕینومایی و ڕێوشوێنە تەندروستییەکان بین."

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئێران دەشڵێت 2472کەسیش لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا توشی پەتای کۆرۆنا بوون و بەمەش ژمارەی توشبووان لە ئێران گەیشتۆتە 187427 کەس.

ئێران بە پلەی یەکەم دێت لە نێو وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بۆ بڵاوبوونەوە و زیانی گیانی بەهۆی پەتای کۆرۆناوە.

زۆر لایەن لە دەرەوە و ناوەوەی ئێران گومانیان هەیە لەو ئامارانەی دەسەڵاتدارانی ئێران بڵاویدەکەنەوە و دەشڵێن ژمارەکان زۆر زیاترن لەوەی ڕۆژانە لە تارانەوە بڵاودەکرێنەوە.

XS
SM
MD
LG