Accessibility links

سوید دۆسێی کوشتنی سەرۆک وەزیری پێشوی وڵاتەکە دادەخات


داواکاری گشتی سویدی ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند دۆسێی کوشتنی سەرۆک وەزیر ئولوف پالمیان داخستووە چونکە گومانبارە سەرەکییەکە لە ژیاندا نەماوە. پالم لە ساڵی 1986 کوژرا.

سەرۆکی داواکارانی گشتی سوید کریستەر پیترسن بە ڕۆژنامەوانانی ڕاگەیاند لەبەر ئەوەی ستیگ ئینگسترم لە ساڵی 2002 کۆچی دوایی کرد ئەو نەیتوانی وتووێژی لەگەڵ بکات یان بە فەرمی تاوانباری بکات.

لە ساڵی 1986 کاتێک پالم لە سینەمایەکی شاری ستۆکۆلهم لەگەڵ هاوسەرەکەی و کوڕەکەی دەرچوون، چەکدارێک تەقەی لێکرد و کوشتی.

کاربەدەستانی سویدی ڕۆژی چوارشەممە ڕایانگەیاند لە میانەی لێکۆڵینەوەکانیاندا پرسیاریان لە نزیکەی 10 هەزار کەس کردووە و زیاتر لە 100 کەس دانیان بەوەدا ناوە کە ئەوان کوشتوویانە.

ئینگسترم لە سەرەتاوە بە یەکێک لە گومانبارە سەرەکییەکان دانرا بەڵام پاشان ڕەتکرایەوە کاتێک پرسیارەکان دووبارە کرانەوە.

ئەو ڕابوردوویەکی لەشکری هەبوو، لە ئۆفیسێکی نزیک شوێنی تاوانەکە کاری دەکرد، ئەو ئەندامی یانەیەکی سیرەگری بوو و بەوەش ناسرابوو کە زۆر دژی سەرۆک وەزیر پالم و ڕیبازەکانی بوو.

ناڕوونی ئەو ڕووداوە وای کرد کۆمەڵێک تێڕوانینی جیاجیا دروست ببێت، هەندێک دەیانگوت بە هاوکاری CIA ئەنجام دراوە، یان هێزی ئاسایشی ئافریکای باشور تەنانەت گومان لەوەش دەکرا کە پارتی کرێکارانی کوردستان ئەم کارەی کردبێت چونکە پالم پەکەکەی بە ڕێکخراوێکی تیرۆرستی ناودێر کرد بەهۆی ئەنجامدانی شەڕی پارتیزانیانەوە لە تورکیا.

XS
SM
MD
LG