Accessibility links

لە تورکیا فەرمانی دەستگیرکردنی زیاد لە 400 کەس دەدرێت


دادپارێزان و میدیای دەوڵەتی تورکیا ڕۆژی سێشەممە ڕایانگەیاند حکومەتی تورکیا فەرمانی دەستگیرکردنی 414 کەسی داوە، زۆربەیان ئەندامی لەشکرن ، لەسەر گومانی پەیوەندییان بەو تۆڕەی کە ئانکەرە دەڵێت کودەتا سەرنەکەوتووەکەی ساڵی 2016 ی داڕشتووە.

لەوکاتەوەی هەوڵی کودەتاکە درا کە 250 کەس تیایدا کوژران، کاربەدەستان بەردەوامن لە سەرکوتکردنی شوێنکەوتووانی کەسایەتی ئاینی فەتحوڵا گولەنی هاوپەیمانی پێشوی سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان کە ئێستا لە ئەمەریکا دەژێت. هەرچەندە گولەن نکوڵی لەوە دەکات دەستی هەبوبێت لەو کودەتایەدا.

ئاژانسی دەنگوباسی ئەنادۆڵۆی دەوڵەت دەڵێت ئۆپەراسیۆنێکی پۆلیس بۆ دەستگیرکردنی 191 گومانبار لە شاری ئزمریی ڕۆژئاواوە دەستیپێکرد و خەڵکی لە 22 پارێزگادا کردە ئامانج. پۆلیس هەتا ئێستا 160 گومانباری دەستگیر کردووە.

لەلایەکی ترەوە دادپارێزێکی ئەستەنبوڵ فەرمانی دەستگیرکردنی 158 کەسی داوە لەناویاندا ئەندامانی لەشکر، پزیشک و مامۆستا کە بە پێی ئاژانسی ئەنادۆڵۆ هەتا ئێستا 86 کەسیان دەستگیر کراون.

ئەو ئاژانسەی دەوڵەتی تورکیا گوتیشی بڕیاری دەستگیرکردن بۆ 32 کەسی تریش وەکو بەشێک لە ئۆپەراسیۆنێکی جیاواز کە تیایدا ئەندامانی هێزی ئاسمانی کراونەتە ئامانج دەرکراوە. سەرچاوەیەکی ئاسایشیش دەڵێت پۆلیس شاری دیاربەکریش لە ماوەی شەممەو یەکشەممەی ڕابوردوودا 16 ئەندامی لەشکری دەستگیر کردووە.

حکومەتی تورکیا ڕۆژی دووشەممەش فەرمانی دەسگیرکردنی 149 کەسی دەرکرد ئەوانیش زۆربەیان ئەندامی هێزی لەشکرین.

شایانی باسە لەوەتای ئەو هەوڵی کودەتایە لە ساڵی 2016 لە تورکیا دراوە نزیکەی 80 هەزار کەس چاوەڕوانی دادگایی کردن دەکەن و نزیکەی 150 هەزار فەرمانبەر، ئەندامی لەشکری و کەسانی تر لەکارەکانیان دەرکراون.

هاوپەیمانانی ڕۆژئاوایی تورکیا ڕەخنەیان لە شێوازی سەرکوتکردنەکان گرتووە، لە کاتێکدا ئانکەرە بەرگری لە هەنگاوەکانی دەکات و بە پێویست بۆ ڕووبەڕووبونەوەی هەڕەشەی ئاسایشی ناودێری دەکات.

XS
SM
MD
LG