Accessibility links

وەزیری بەرگری ئەمەریکا دەڵێت هێزی لەشکری دژ بە خۆپیشاندەران بەکارنایەت


وەزیری بەرگری مارک ئەسپەر ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند ئەو دژی بەکارهێنانی هێزی لەشکرییە بۆ چەسپاندنی یاسا لە خۆپیشاندانەکانی ئێستای وڵاتەکەدا، ئەمەش پێچەوانەی قسەکانی سەرۆک ترامپە کە هۆشداری دا بە ویلایەتەکان هێزی لەشکری دەنێرێت بۆ کۆنترۆڵکردنی شەقامەکان.

کەمتر لە 48 کاتژمێر پاش ئەوەی سەرۆک هەڕەشەی بەکارهێنانی یاسای یاخیبوونی ژمارە 1807 ی کرد بۆ کۆنترۆڵکردنی خۆپیشاندانەکان ئەگەر فەرمانڕەوای ویلایەتەکان نەتوانن نائارامییەکان کۆنترۆڵ بکەن، ئەسپەر گوتی ئەو یاسایە دەشێ تەنها لە کاتی زۆر پێویست و ڕەوشێکی زۆر خراپدا بەکاربێت. ئەو ڕایگەیاند " لە ئێستادا ئێمە لەو بارودۆخەدا نین."

ئەسپەر لە ژێر فشاری ترامپ ئێستا ڕێگەی داوە نزیکەی 1300 یەکەی لەشکری ڕەوانەی بنکەیەکی سەربازی لە دەرەوەی پایتەخت بکرێت، بەڵام نەچوونەتە ناو شارەکەوە و کاربەدەستانی بەرگریش دەڵێن ڕۆژی چوارشەممە ڕایانگەیاند هەنێک لەوانە دەستیان کردووە بە کشانەوەیان بۆ بنکەکانی خۆیان. کاربەدەستانی کۆشکی سپیش ئاماژە بەوەدەکەن بەرلە لێدوانەکەی وەزیری بەرگریش ترامپ کشابۆوە لە بەکارهێنانی ئەو یاسایە.

لە میانەی لێدوانەکەیدا لە پەنتاگۆن مارک ئەسپەر زۆر بە توندی ڕەخنەی لە کردارەکانی پۆلیسی میناپلس گرت بۆ ڕووداوەکەی هەفتەی ڕابوردوو کە بوو بە هۆی خۆپیشاندان لە سەرانسەری ئەمەریکا. وەزیری بەرگری ئەو کردارەی بە " کوشتن" و " تاوانێکی سامناک" لەقەڵەم دا.

شایانی باسە ئەسپەر خۆیشی ڕەخنەیەکی زۆری لێگیراوە تەنانەت لەلایەن کاربەدەستێکی باڵای لەشکری خانەنشینیشەوە بەهۆی ڕۆشتنەکەی ئێوارەی دووشەممە لە کۆشکی سپییەوە بۆ کڵێسای سان جۆنس لەگەڵ ترامپدا بۆ وێنەگرتن لە بەردەم ئەو کڵێسایەی کە شەوێک پێش ئەوە کڵێساکە لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە زیانی پێگەیەندرابوو.

ئەسپەر گوتی دەیزانی بەرەو ئەو کڵێسایە دەڕوات بەڵام نەیدەزانی بەرنامەکەی ئەوێ چییە.

ئەو گوتی " من نەمدەزانی بۆ وێنەگرتنە." ئەو گوتیشی هەروەها نەشی دەزانی پۆلیس بە زۆر خۆپیشاندەرانی کە بە ئاشتییانە لە گۆڕەپانی لافایەت کۆببونەوە بڵاوە پێدەکات بۆ تراپ و ستافەکەی.

XS
SM
MD
LG