Accessibility links

پەتای کۆرۆنا هەتا دێت لە بەرازیل زیاد دەکات و سەرۆکی وڵاتەکەش بە ئەنفلوانزایەکی ئاسایی ناودێری دەکات


بە پێی ئامارە نوێیەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا ڕۆژی سێشەممە ڕێژەی مردن بەهۆی ڤایرۆسەکە لە بەرازیل گەیشتە بەرزترین ئاست. وەزارەتی تەندروستی وڵاتەکە دەڵێت لە ڕۆژێکدا یەک هەزارو 262 کەس بەهۆی کۆڤد19 گیانیان لەدەستداوە و کۆی ژمارەی ئەو کەسانەی لەو وڵاتەدا بەهۆی پەتاکە مردوون گەیشتۆتە 31 هەزارو 199 کەس و ژمارەی ئەو کەسانەش کە توشی ڤایرۆسەکە بوون گەیشتۆتە زیاتر لە 555 هەزار. بەمەش بەرازیل بووە بە دووهەمین وڵات لە ڕووی ژمارەی توشبوانەوە پاش وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا.

سەرەڕای بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسەکەو بەرزبوونەوەی مردن بەهۆی ڤایرۆسەکە سەرۆکی بەرازیل جایر بۆرسنارۆ بەردەوامە لە ڕەتکردنەوەی مەترسییەکانی ئەم پەتایەو بە " ئەنفلوانزایەکی ئاسایی" ناودێری دەکات. ئەو لە دەرەوەی کۆشکی سەرۆکایەتی لە بەراسیلیا بە پشتیوانانی ڕاگەیاند دڵگرانە بەرامبەر لە دەستدانی گیانی هەر کەسێک بەڵام گوتی ئەمە چارەنوسی هەموانە.

بە پێی لێکۆڵینەوەکانی زانکۆی جۆنس هۆپکین کۆی ژمارەی ئەو کەسانەی توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون لە سەرانسەری جیهان گەیشتۆتە زیاتر لە 6 ملیۆن کەس و زیاد لە 380 هەزار کەسیش بەهۆی پەتاکەوە لە سەرانسەری جیهاندا گیانیان لەدەست داوە. تەنها لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا زیاد لە 106 هەزار کەس بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە.

XS
SM
MD
LG