Accessibility links

توندوتیژییەکانی نێو خۆپیشاندانەکانی ئەمەریکا لە پاش وتارەکەی سەرۆک ترامپ


پاش ئەوەی سەرۆک دانۆڵد ترامپ گوتی لەشکر بەکاربهێنێت بۆ ڕاگرتنی نائارامییەکان، دەزگاکانی ڕاگەیاندن و پۆلیس دەڵێن بەلایەنی کەم پێنج پۆلیس لە خۆپیشاندانە توندوتیژەکانی کە لە ئەنجامی مردنی پیاوێکی ڕەشپیشت لەژێر دەستی پۆلیسێکدا سەریانهەڵداوە، کوژراون.

ڕۆژی دووشەممە پاش ئەوەی تراپ لە باخچەی کۆشکی سپی لێدوانەکەی دا پاشان ئەو چوو بۆ کڵێسایەک و کارمەندانی چەسپاندنی یاساش بە بەکارهێنانی گازی فرمێسکڕژێن و گوللەی پلاستیکی ڕێگەکانیان چۆڵ کرد تا گەیشتە ئەوێ، بەمەش توڕەبوونەکان زیاتریان کرد.

خۆپیشاندەران لە لۆس ئانجڵس گڕیان لە زنجیرەیەک دوکان و بازاڕ بەردا، لە شاری نیو یۆرک بازاڕەکانیان تاڵان کرد و لە سێنت لوئیس میزوریش پێکدادانیان لەگەڵ پۆلیس ئەنجامداو لە ئاکامدا چوار پۆلیس بە سوکی بریندار بوون و بران بۆ نەخۆشخانە.

پۆلیسی سێنت لوئیس لە توتێکدا دەڵێت " ئەفسەرانی پۆلیس هێشتا لە ناوجەرگەی شار ڕووبەڕووی گوللە دەبنەوە و ئێمە زانیاری زیاتر ئاشکرا دەکەین."

ئاژانسی دەنگوباسی ئەسۆشیەیتد لە زاری پۆلیسەوە دەڵێت پۆلیسێکیش لە میانەی خۆپیشاندانەکانی لاس ڤێگاس تەقەی لێکراوە هەرچەندە هیچ وردەکارییەکی تری لەسەر ڕووداوەکە نەداوە.

فەرمانڕەوای نێڤادا ستیڤ سیسۆلاک لە تویتێکدا ڕایگەیاندووە ئۆفیسەکەی لە دوو ڕووداوی جیاواز لە لاس ڤێگاس ئاگادار کراوەتەوە و دەڵێت " بەرپرسانی ویلایەتەکە لەگەڵ کاربەدەستانی چەسپاندنی یاسا لە پەیوەندیدان و بەردەوامن لە چاودێری کردنی ڕەوشەکە."

سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ مردنەکەی جۆرج فلۆیدی تەمەن 46 ساڵانی شەرمەزار کردووە کە لە 25 ی مانگی 5 لە ژێر دەستی پۆلیسێکی سپی پێستدا گیانی دەرچوو و بەڵێنی داوە دادپەروەری بەجێبگەیەندرێت.

بەڵام پاش ئەوەی خۆپیشاندان و ڕێپێوانەکانی دژ بە توندوتیژییەکانی پۆلیس لە ماوەی هەفتەی ڕابوردوودا هەمو شەوێک توندوتیژی تێدەکەوێت، ئەو گوتی خۆپیشاندانی ڕەوا نابێت بە " گێرەشێوێنەکان" بشاردرێتەوە.

ترامپ گوتیشی " شارەوان و فەرمانڕەواکان دەبێت هێزێ زۆری چەسپاندنی یاسا جێگری بکەن هەتا ئەو کاتەی توندوتیژییەکان نامێنن، ئەگەر شارەکان و ویلایەتەکان ئامادە نەبن ئەو کارە بکەن کە گرنگە بۆ بەرگری کردن لە سەرو ماڵی خەڵکی ئەوا من لەشکری ئەمەریکا بڵاو دەکەمەوەو دەستبەجێ کێشەکەیان بۆ چارەسەر دەکەم."

XS
SM
MD
LG