Accessibility links

بڕیاری ئەمەریکا بۆ بڕینی بودجەی WHO ڕەخنەی لێدەکەوێتەوە


وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا ڕۆژی شەممە داوایان لە سەرۆک دانۆڵد ترامپ کرد جارێکی تر بەسەر بڕیارەکەی بۆ بڕینی بودجەی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانیدا بچێتەوە.

ئەو بڕیارەی سەرۆکی ئەمەریکا ڕەخنەیەکی زۆری جیهانی لێ کەوتەوە لە کاتێکدا بەرزبوونەوەی حاڵەتەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هندستان و شوێنەکانی دەریدەخەن کە ئەم پەتا جیهانییە زۆری ماوە کۆنترۆڵ بکرێت.

ڕۆژی هەینی ترامپ ڕایگەیاند ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی WHO بە شێوەیەکی کاریگەرانە وەڵامی ئەم پەتایەی نەداوەتەوە و ئەو ئاژانەی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانی تاوانبار کردووە بەوەی بە تەواوەتی لەژێر کاریگەری وڵاتی چیندایە.

سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا ئەرسولا ڤۆندێر لیەن ڕۆژی شەممە داوای لە ترامپ کرد جارێکی تر پێداچوونەوە بەسەر بڕیارەکەیدا بکات و گوتی " هەر کردارێکی کە ئەنجامەکانی نێونەتەوەیی لاواز بکات پێویستە نەکرێن و ئیستا کاتی ئەوەیە پەرەبدرێت بە هاوکارییەکان و چارەسەرییە هاوبەشەکان."

ئەو گوتیشی " پێویستە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی بتوانێت ڕێبەرایەتی هەوڵەکانی جیهان بۆ وەڵامدانەوەی نەخۆشییەکان لە ئێستادا و لە داهاتوشدا بکات، بۆ ئەم مەبەستەش بەشداری کردن و پشتیوانی هەموان پێویستە."

ئەمەریکا گەورەترین سەرچاوەی دارایی ڕێکخراوەکەیە و دەرچوونەی لەو ڕێکخراوە چاوەڕوان دەکرێت بە شێوەیەکی بەرچاوە ڕێکخراوەکە لاواز بکات. ترامپ گوتی ئەمەریکا ئەو پارەیە تەرخان دەکات پێداویستییە گرنگەکانی تەندروستی گشتی جیهانی بەبێ ئەوەی ڕوونکردنەوەی زیاتر بدات.

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی لەم بارەیەوە هێشتا هیچ ڕاگەیاندنێکی نەداوە بەڵام وەزیری تەندروستی ئافریکای باشور زولی ماخیز بڕیارەکەی بە جێگای مخابن ناودێر کرد. ئەو بە پەیامنێرانی گوت " بێگومان کاتێک ڕووبەڕووی پەتایەکی ڕژد دەبیتەوە، پێویستت بەوەیە هەمو وڵاتانی جیهان پێکەوە سەرج بخەنە سەر یەک دوژمنی هاوبەش."

.

XS
SM
MD
LG