Accessibility links

ڕەخنەی قورسی لێدەگیرێت و سەرۆک ترامپ وەڵام دەداتەوە


سەرۆک ترامپ بە توندی وەڵامی ئەو ڕەخنانەی داوەتەوە کە بەهۆی یاریکردنی گۆڵفەوە لێی گیرابوون و بە ڕق و بێ متمانەیی دەزگاکانی ڕاگەیاندن ناودێری کردووە.

ڕۆژی یەکشەممە سەرۆک ترامپ، چووبووە یانەی نیشتمانی ترامپ بۆ گۆڵف، ئەمەش یەکەمین جار بووە لەوەتای 8 ی مانگی 3ی ڕابردووەوە کە ڕێوشوێنەکان گیرانەبەر بۆ خۆپاراستن و ڕێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا، سەرۆک ترامپ بچێتە یانەکە تا یاری گۆڵف بکات.

ئەم چوونەی سەرۆک ترامپ بۆ یانەکە، بووە مایەی ناڕەزایی و ڕەخنەیەکی زۆر لە سەرۆکی ئەمریکا. یەکێک لە دژەبەرەکانی سەرۆک ترامپ دەڵێت "گەورەی کۆشکی سپی خەریکی خولیاکەیەتی لە کاتێکدا ئەمریکا خەریکە نزیک دەبێتەوە لەوەی 100 هەزار کەسی لێبمرێت بەهۆی پەتای کۆرۆناوە.

هەندێکی تریش ئەو قسانەیان دەهێنایەوە کە پێشتر و بەر لەوەی بچێتە هەڵبژاردنەوە، ترامپ لەسەر سەرۆک براک ئۆباما دەیکردن هاوکاتی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی ئیبۆلا.

لە ساڵی 2014 سەرۆک ترامپ، ڕەخنەی لە سەرۆک ئۆباما دەگرت بەهۆی ئەوەی یاری گۆڵفی دەکرد و دەیگوت" هەندێک کات هەیە ناتوانیت یاری گۆڵفی تیادا بکەیت. ئەو کاتەی کە سەرۆکیت دەبێت بڕیار بدەیت بۆ چەند ساڵیک واز لە گۆڵف دەهێنیت و سەنگیی دەخەیتە سەر کار و ئەرکی خۆت."

سەرۆک ترامپ ڕۆژی دووشەممە ناڕەزایی دەربڕی و دەزگاکانی ڕاگەیاندنی لە ئەمریکادا بە چەواشەکار و گەندەڵکار ناودێر کرد.

سەرۆک ترامپ دەڵێت "دەمزانی ئەمە ڕوودەدات، بەڵام باسی ئەوە ناکەن کە ئەمە یەکەمین جارمە لە ماوەی سێ مانگدا بێم و یاری گۆڵف بکەم، تەنانەت ئەگەر 3 ساڵیش چاوەڕوان بوومایە هەر هەمان جۆرە وتاریان دەنوسی."

XS
SM
MD
LG