گوتەبێژێکی کۆشکی سپی ڕایگەیاند ڕۆژی شەممە سەرۆک دانۆڵد ترامپ و سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا باسیان لە شەڕو ئاژاوە لە لیبیا و سوریا و هەروەها ئاساییکردنەوەی ژیان لە سەرانسەری جیهان هاوکاتی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کردووە.
جەد دێر لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند " سەرۆک ترامپ و سەرۆک ئەردۆغان باسیان لە پێشوەچوونەکانی کردنەوەی بازاڕو کاردارییەکان و پەرەپێدانی ئابوری جیهان کرد".
ئەو گوتیشی " سەرۆک ترامپ نیگەرانییەکانی خۆی دووپات کردەوە لەمەڕ ڕەوشی لیبیا و پێداویستی دەستبەجێ ڕاگرتنی شەڕەکان. سەرۆک ترامپ و سەرۆک ئەردۆگان جەختیان کردەوە لەوەی کە پێویستە دەستبەجێ چارەسەرێکی سیاسی بۆ شەڕی سوریا بدۆزرێتەوە."
ئۆفیسی سەرۆکایەتی تورکیاش بەیاننامەی لەسەر ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییە بڵاو کردۆتەوەو دەڵێت ترامپ و ئەردۆغان کۆک بوون لەسەر ئەوەی بەردەوام بن لە هەوڵەکانیان بۆ بەدەستهێنانی سەقامگیری لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست.