Accessibility links

یەکێک لەوانەی زیندو ماوە باس لە ڕووداوی کەوتنە خوارەوەی فڕۆکە پاکستانییەکە دەکات


کاربەدەستان دەڵێن تۆماری زانیارییەکانی ئەو فڕۆکە پاکستانییەی ڕۆژی هەینی لە ناوچەیەکی دانیشتوانی کەراچیدا کەوتە خوارێ دۆزراوەتەوە، بە پێی زانیارییەکان 97 کەس لەو ڕووداوەدا گیانیان لەدەست داوە.

دوو کەسی ناو فڕۆکەکە زیندوماون لە کاتێکدا گیان لەدەستدانی هیچ کەسێکی ئەو ماڵانە ڕانەگەیەندراوە کە فڕۆکە کەوت بەسەریاندا.

گەشتی 8303 ی هێڵی ئاسمانی نێونەتەوەیی پاکستان لە شاری لاهورەوە بەرەو کەراچی دەڕۆشت لە کاتێکدا 99 کە لە فڕۆکەکەدابوون پاش نیوەڕۆی ڕۆژی هەینی بەر لە نیشتنەوەی کە فڕۆکەخانەی کەراچی لە ناوچەیەکی پڕلەدانیشتوانی دەرەوەی کەراچی کەوتەخوارەوە.

گوتەبێژی هێڵی ئاسمانی PIA عەبدوڵا خان گوتی " سندوقە ڕەشەکەی نێو فڕۆکەکە درەنگانێکی شەوی هەینی دۆزرایەوە و ئێمە دەیدەین بە دەستەی لێکۆڵینەوە کردن." بەڕێوەبەری گشتی هێڵە ئاسمانییەکە ئەرشەد مەلیک رۆژی هەینی گوتی دووا پەیامی کەلە فڕۆکەوانەکەوە گەیشتووە دەرکەوتووە کە گرفتی تەکنیکی هەبووە.

یەكێک لە دوو ڕزگاربووەکەی نێو فڕۆکەکە باس لەوە دەکات چۆن بەنێو گڕەکەدا خۆی هەڵداوە کاتێک کەوتۆوە بەسەر ماڵەکاندا.

محەمەد زوبێری تەمەن 24 ساڵان لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە لە نەخۆشخانەوە تۆماری کردووە و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو بۆتەوە دەڵێت " پاش ئەوەی کە فڕۆکەکە کەوت من بەهۆش خۆم هاتم تەنها گڕم دەبینی کەس دیار نەبوو، لە هەمو شوێنێکەوە هاوار بوو هەموی هەوڵیان دەدا خۆیان ڕزگار بکەن. من پشتێنی سەلامەتییەکەم کردەوە هەندێک ڕووناکیم بینی و هەوڵم دا بەرەو ڕووناکییەکە بڕۆم. پاشان خۆم هەڵدایە خوارێ."

کاربەدەستێکی تەندروستی دەڵێت زوبێر سوتاوە بەڵام لە ڕەوشێکی سەقامگیردایە.

هێڵە ئاسمانییەکە دەڵێت ڕزگاربووەکەی تر زەفەر مەسعودە کە سەرۆکی بانکی پەنجابە.

ئەم ڕووداوە تەنها دوو ڕۆژ بەر لە جەژنی ڕەمەزانی موسوڵمانان ڕوویدا کە بەشێکی زۆر لە سەرنشینەکان دەگەڕانەوە بۆ ماڵەوە تا جەژن لەگەڵ کەسوکاریاندا بکەن.

XS
SM
MD
LG