Accessibility links

موشەکێک لە نزیک باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا دەتەقێتەوە


باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق

موشەکێک لە نزیک باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا دەتەقێتەوە و وەک سەرچاوەیەکی ئاسایشی عێراق باسی دەکات هیچ زیانی گیانی نەبووە بەڵام زیانی ماڵی هەبووە.

ئەم هێرشە موشەکییەی درەنگانێکی شەوی دووشەممە لەسەر شێشەممە، 28ەمین هێرشە بکرێتە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە عێراقدا لە ماوەی 7 مانگی ڕابردوودا.

نزیکەی دوو هەفتەیە حکومەتی نوێی عێراق پێکهاتووە و وەک دەگوترێت حکومەتێکە دەتوانێت پەیوەندییەکان لەگەڵ واشنتۆندا بەرەو باشبوون بەرێت و هەروەهاش پشێوی و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکاش هێور بکاتەوە.

تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتی خۆی لەو هێرشە موشەکییە ڕانەگەیاندووە، بەڵام ئەمریکا هەمیشە ئەو لایەنانەی سەر بە ئێرانن گوناهبار دەکات کە لە پشت ئەو هێرشانەوەن.

ڕابەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران، ڕۆژی یەکشەممە وتبووی ئەمریکا لە عێراق و لە سوریاش دەردەکرێت، ئەو دوو وڵاتەی ئێران ڕۆڵ و کاریگەرییەکی بەهێزی تیادا هەیە.

لەگەڵ ئەوەشدا لەم چەند هەفتەیەی ڕابردوودا هێرشەکان بۆسەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا کەمتر بوون، بەڵام هێشتا ئەمریکا هەر نیگەرانی هەیە.

وەها بڕیارە لە مانگی داهاتوودا، شاندەکانی عێراق و ئەمریکا وتووێژی ستراتیژی بکەن لەسەر پەیوەندییە نوێیەکانی نێوان هەردوو وڵات.

XS
SM
MD
LG