Accessibility links

کاربەدەستانی ئەمەریکا: بەڵگەمان دۆزیوەتەوە هێرشبەرەکەی فلۆریدا بە قاعیدەوە گرێ دەدات


ولیام بار، وەزیری دادی ئەمریکا
ولیام بار، وەزیری دادی ئەمریکا

کاربەدەستانی ئەمریکایی دەڵێن ئەو ئەفسەرە سعودیـیەی کە لە بنکەیەکی لەشکری ئەمەریکا لە ستانی فلۆریدا ڕاهێنانی پـێدەکرا و لە مانگی دوازدەی ساڵی ڕابردوو هێرشێکی خوێناوی لەوێ ئەنجام دا، بەڵگەیان لەسەر دۆزیوەتەوە کە دەیبەستێتەوە بە ڕێکخراوی ئەلقاعیدە.

دەزگای لێکۆڵینەوەی فێدراڵی FBI ڕۆژی دووشەممە ئەم زانیاریانەی لەسەر موحەمەد سەعید ئەلشەمرانی بڵاوکردەوە لە پاش شکاندن و کردنەوەی کۆدەکانی دوو تەلەفونی مۆبایلی ناوبراو کە پێشتر داخرابوون.

بەپـێی کاربەدەستان ئەلشەمرانی زۆر ورد بووە لە بەرنامە ڕێژییەکەیدا وە پـێشتر بۆ بەلانی کەم 5 ساڵ زیاتر هزری توندڕەویی خۆیی لە دەرەوەی ئەمریکا برەو پێداوە.

ولیام بار، وەزیری دادی ئەمریکا و کریس ڕەی، سەرۆکی ئێف بی ئای، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا دوا زانیارییەکانیان سەبارەت بە هێرشەکەی ئەلشەمرانی خستە ڕوو کە 3 کەسی هێزی دەریایی ئەمەریکای تیادا کوژرا و 8 کەسیش برینداربوون، پاشان خۆیشی کوژرا.

وەزارەتی داد داوای لە کۆمپانیای ئەپڵ کردبوو تا یارمەتی لێکۆڵینەوەکان بدات لەڕێی دەرهێنانی داتا و زانیارییەکانی ناو 2 ئایفۆنی ئەلشەمرانی.

بەر لە کوژرانی موحەمەد سەعید ئەلشەمرانی، فیشەکێکی ناوە بە یەکێک لە ئافۆنەکانییەوە.

کریس ڕەی دەڵێت، بەبێ هیچ یارمەتییەک کارمەندەکانی ئێف بی ئای توانیویانە کۆدی زانیارییەکانی ناو ئایفۆنەکان بکەنەوە و بشزانن وشە نهێنییەکانیش بۆ چ مەبەستێک بەکارهێنراون.

کاربەدەستانی ئەمریکایی هیچ گومانێکیان نەهێشتەوە کە ئەلشەمرانی لەلایەن هزری توندڕەویەوە هاندرابوو بۆ ئەو تەقەکردنە.

دوابەدوای تەقەکردنەکە، لقی ئەلقاعیدە لە وڵاتی یەمەن، دیمەنێکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە و بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەکە ڕاگەیاند.

لقی ئەلقاعیدە لە نیمچە دوڕگەی عەرەب بە یەکێک لە لقە مەترسیدارەکانی ئەو تۆڕە جیهانییە تێرۆرکارییە دادەنرێت و چەند جارێک هەوڵی داوە هێرش بکاتە سەر ئەمریکا.

لە مانگی یەکی ئەمساڵدا کاربەدەستانی ئەمریکایی ڕایانگەیاند کە 21 قوتابی سەربازیی عەرەبستانی سعودیەیان گەڕاندۆتەوە بۆ وڵاتی خۆیان، پاش ئەوەی لە لێکۆڵینەوەکاندا دەرکەوتووە کە هەستی توندڕەویی یان دژایەتیکردنی ئەمریکایان هەبووە. عەرەبستانی سعودیەش ئامادەبووە بۆ پێداچوونەوەکردن بە ڕەفتاری ئەو 21 قوتابییە سەربازییەدا.

XS
SM
MD
LG