Accessibility links

ئەنتۆنیۆ گۆتیریش: پاراستنی وڵاتانی جیهانی سێهەم کارێکی خێرخوایانە نییە، هێندەی ئەوەی بەرژەوەندی هاوبەشە


سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕەخنە لەو وڵاتانە دەگرێت کە ڕێنوماییەکانی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانییان فەرامۆش کردووە کە سەبارەت بە بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون.

ئەنتۆنیۆ گۆتیریش دەڵێت هەر لەبەر ئەوەشە کە لەمڕۆدا جیهان باجێکی قورس دەدات.

سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆبوونەوەی ساڵانەی 194 وڵاتی ئەندامی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانیدا دەڵێت " خواستێکمان بینی بۆ هاوکاری و هاوسۆزی بەڵام بەبێ یەکگرتووییەکی ئەوتۆ بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆڤید 19 و هەوڵدان بۆ چارەسەرکردن، وڵاتان ستراتیژیەتی جیاواز و هەندێک جاریش دژ بە یەکیان گرتۆتەبەر، هەربۆیەشە باجێکی گەورە دەدەین."

لەم کۆبوونەوە ساڵانەیەی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانیدا کە بۆ یەکەمین جارە لەڕێی ڤیدیۆییەوە بکرێت، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەش کردووە زۆر وڵات لە جیهاندا ڕێنوماییەکانی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانییان فەرامۆش کردووە و وەک دەڵێت " وەک بەرەنجامێکیش ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سەرانسەری جیهاندا بڵاوبۆتەوە و لە ئێستادا دەڕوات بەرەو وڵاتانی باشوری گۆی زەوی (وەک ئاماژەیەک بە کیشوەری ئافریکا) کە دەشێت زیانێکی زۆری هەبێت و دەمانخاتە بەردەم مەترسی تر و شەپۆلی تری بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە."

لە یەکەم بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە چینەوە لە مانگی 12ی ڕابردووەوەتا ئێستا نزیکەی 314 هەزار کەس لە جیهاندا بەهۆی پەتای کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە.

سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بە ناڕاستەوخۆ ڕەخنەی لە ئەمریکاش گرت بەهۆی بڕینی کۆمەکە داراییەکانی بۆ ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی و وتی "ناتوانرێت دەستبەرداری ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی بین و ئەم ڕیکخراوە پێویستی بە سەرچاوەی زیاتری داراییە تا بتوانێت کۆمەکی وڵاتان بکات، ئەمەش پێویستە جێی نیگەرانییەکی زۆرمان بێت."

ئەنتۆنیۆ گۆتیریش دەڵێت پاراستنی وڵاتانی جیهانی سێهەم کارێکی خێرخوایانە نییە، هێندەی ئەوەی بەرژەوەندی هاوبەشە و وڵاتانی بەشی سەرەوەی گۆی زەوی ناتوانن بەسەر کۆڤید 19دا زاڵ بن ئەگەر بێتوو لە هەمان کاتدا لە وڵاتانی بەشەکەی تری گۆی زەویدا کۆنترۆڵ نەکرێت.

XS
SM
MD
LG