Accessibility links

ئەمەریکا، ڕوسیا و بەریتانیا لە سەروی لیستی ئەو وڵاتانەن کە ڤایرۆسی کۆرۆنا کاری تێکردوون


زیاتر لە چوار ملیۆن و 500 هەزار کەس لە سەرانسەری جیهاندا توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و زیاد لە 300 هەزار کەسیش بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستداوە.

وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، ڕوسیا، بەریتانیا لە سەروی ڕیزبەندی ئەو وڵاتانەن کە ڤایرۆسی کۆڤد19 زۆر بەخراپی کاریتێکردوون. لە ئەمەریکا نزیکەی یەک ملیۆن و نیو حاڵەت تۆمار کراوە، لە ڕوسیا کە بە شێوەیەکی فراوان بڕوا دەکرێت ئامارەکان حاڵەتەکان کەمتر نیشان دەدەن هەتا ئێستا 263 هەزار حاڵەت تۆمار کراوە، و لە بەریتانیاش زیاتر لە 238 هەزار کەس توشی ڤایرۆسەکە بوون.

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی لێکۆڵینەوەیەک بڵاو دەکاتەوە و تیایدا هۆشداری دەدات درەنجام نزیکەی 250 ملیۆن کەس توشی ئەم ڤایرۆسە دەبن وڕەنگە 150 هەزار کەس لە ئافریکا گیانیان لەدەستبدەن ئەگەر هەنگاوێکی خێرا نەنرێت.

ئەو لێکۆڵینەوەیەی کە ڕۆژی هەینی لە گۆڤاری تەندروستی جیهانی BMJ پێشبینی دەکات ژمارەی توشبوان و مردن بەهۆی نەخۆشییەکەوە لە بەشەکانی تری جیهان وەکو ئەوروپا و ئەمەریکا کەم ببێتەوە.

ئیریتیریا لە ڕۆژی هەینی هەواڵێکی خۆشی بڵاو کردەوە، وەزارەتی تەندروستی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند هەر 39 کەسەکەی کە ڤایرۆسی کۆرۆنایان هەبووەبە تەواوەتی چاکبوونەتەوە. هەرچەندە ڕایشیگەیاندووە نابێت مەترسییەکانی ڤایرۆسەکە پشتگوێ بخرێن.

ئیتالیا ڕێککەوتنێکی مۆرکرد و ڕێگە دەدات لە 3 ی مانگی 6 وە گەشتەکان بۆ وڵاتەکە دەستپێبکات و هەوەها هاووڵاتیانیشی دەتوانن گەشت بکەن بۆ دەرەوەی وڵات. هاوکات گەشتی نێوان وڵاتانی ئەو ناوچەیەش هەرلە هەمان ڕۆژەوە دەستپێدەکاتەوە. زیاتر لە 31 هەزار و 600 کەس بەهۆی ڤایرۆسەکە لە ئیتالیا گیانیان لەدەستداوە. نزیکەی 224 هەزار کەس لەوێ توشی ڤایرۆسەکە بوون بەڵام بەم دواییانە ڕێژەی توشبوان لە وڵاتەکە دابەزیوە.

لە بەرازیل وەزیری تەندروستی نێڵسن تێچ ڕۆژی هەینی دەستیلەکار کێشایەوە پاش ئەوەی کەمتر لە مانگێک بوو بۆ ئەو پۆستە دەستنیشان کرابوو، ئەمەش ئاماژەیەکە بەوەی حکومەتەکە دووچاری گرفتێکی زۆر بۆتەوە لە ڕووبەڕووبونەوەی ڤایرۆسەکەدا. ئەم هەنگاوەش ڕۆژێک پاش ئەوە بوو کە سەرۆکی وڵاتەکە فشارەکانی بۆسەر وەزیری تەندروستی زیاد کرد بۆ فراوانکردنی بەکارهێنانی دەرمانی دژە مەلاریا بۆ نەخۆشەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا.

بەریتانیاش دەڵێت ڕاهێنان بە سەگی پۆلیسی دەکات تا بە ڕێگای هەستی بۆنکردنیان ئەو کەسانە دەستنیشان بکەن کە ڤایرۆسی کۆرۆنایان هەیە. ئەو ئاژەڵانە لە فڕۆکەخانەکان و شوێنەکانی تر بەکاردەهێندرێن. ئەمەریکا و فەرەنساش بەرنامەی هاوشێوەیان خستۆتە ڕوو. پێشتریش ڕاهێنان بە سەگ کراوە تا شێرپەنجە، شەکرە و نەخۆشییەکانی تر بناسێتەوە.

XS
SM
MD
LG