Accessibility links

هەوڵەکان بەردەوامن بۆ دۆزینەوەی ڤاکسینی کۆرۆنا


دەزگای تەندروستی و دەرمان لە یەکێتی ئەوروپا وەها پێشبینی دەکات لە چەند مانگی داهاتوودا دەرمانی چارەسەر کردنی پەتای کۆرۆنا بکەوێتە بەردەست.

ئەم دەزگا تایبەتمەندەی یەکێتی ئەوروپاش دەڵێت لە سەرەتاکانی ساڵی 2021دا یەکێک لەو ڤاکسینانە پەسەند دەکرێت.

دکتۆر مارکۆ کاڤالیری، سەرۆکی بەشی ڤاکسینەکان لە دەزگای تەندروستی و دەرمانی ئەوروپا دەڵێت، دەشێت بەر لە هاتنی وەرزی هاوین، دەرمانەکانی پەتای کۆرۆنا پەسەند بکرێن و ئاماژەی بە تاقیکردنەوەکانیش داوە، وەک دەڵێت " بەرەنجامە بەراییەکانی بەکارهێنانی ڤاکسینی ڕیمیدسفیر، نیشانیدەدەن چاکبوونەوە لە پەتاکە خێراتر دەکات، بەڵام هێشتاش پێویستە تاقیکردنەوەی زیاتر بکرێن بۆ دڵنیابوون لە کاریگەرییەکانی ئەم ڤاکسینە.

لەگەڵ ئەوەشدا پەرەپێدانی ڤاکسین چەند ساڵێکی پێدەوێت، بەڵام کاڤالێری دەڵێت، ئەگەر کاریگەرییەکانی هەندێک لە دەرمانەکانی تاقیکردنەوەیان لەسەر کراوە، سەلمێندران، ئەوا لە سەرەتای ساڵی ئایندەدا ڕێگە بە بەکارهێنانیان دەدرێت.

دکتۆر کاڤالێری ئاگاهیش دەدات کە دەشێت دواکەوتن لەو پرۆسەیەشدا ڕووبدات، وەک دەڵێت " پێشبینیش دەکرێت ئەگەر هەموو شتێک بەپێی پلانەکان بەڕێوچوون، ئەوا پەسەندکردنی ڤاکسینەکان بکەوێتە دوای یەک ساڵ."

زیاتر لە 140 سەرۆکی وڵات و پسپۆڕانی تەندروستی، لەوانە؛ سەرۆکی ئافریکای باشور و سەرەک وەزیری پاکستان و جۆسیف سگێتلیز، خاوەنی خەڵاتی نۆبڵ، ڕۆژی پێنجشەممە بانگەوازێکیان بڵاوکردۆتەوە و تیایدا داوا دەکەن هەموو وڵاتانی جیهان یەکگرتوو بن لەسەر "ڤاکسینی گەل" دژی پەتای کۆرۆنا، بۆ دابینکردنی چارەسەرکردن و هەروەها ڤاکسینیش بە خۆڕایی بۆ هەموو ئەوانەی لە سەرانسەری جیهاندا پێویستیان پێیەتی.

لە ئێستادا نزیکەی 10 ڤاکسین هەن کە لە چین و بەریتانیا و ئەڵمانیا و ئەمریکادا تاقیکردنەوەیان لەسەر دەکرێت.

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، وەهای مەزەندە دەکات دۆزینەوەی ڤاکسینێکی کاریگەر بۆ پەتای کۆرۆنا، 12 تا 18 مانگی دەوێت.

XS
SM
MD
LG