Accessibility links

ئەمەریکا ناوی پێنج وڵات ئاشکرا دەکات کە لە ساڵی 2019 هاوکاری تەواویان نەکردووە لە هەوڵەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆرسمدا


ئۆفیسی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕۆژی چوارشەممە نێوی پێنج وڵاتی ڕاگەیاند کە بەتەواوەتی هاوکاری ئەمەریکایان نەکردووە لە هەوڵەکانیدا بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرسم.

لە بەیاننامەیەکی ئۆفیسەکەدا هاتووە کە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بە کۆنگرێسی گوتووە پێنج وڵات هاوکاری ئەمەریکایان بە تەواوەتی نەکردووە لە ڕووبەڕووبونەوەی تیرۆر لە ساڵی2019 ئەمەش بە پێی یاسای چاودێری هەناردەکردنی چەک.

ئەو وڵاتانەی کە ئاماژەیان پێکراوە بریتین لەمانە ئێران، کۆریای باکور، کوبا، سوریا و ڤینزوێلا و ئەمەش یەکەم جارە لەوەتای ساڵی 2015وە ناوی کوبا لەم جۆرە لیستەدا بێت.

بە پێی یاساکە ئەمەریکا کۆت و بەندی خستۆتە بەردەم فرۆشتنی چەک و پێداویستی بەرگری بۆ ژمارەیەک وڵات و ڕای گشتی ئەمەریکای و نێودەوڵەتی ئاگادار دەکرێتەوە کە ئەم وڵاتانە بە پێی پێویست هاوکاری ئەمەریکایان لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا نەکردووە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ئاماژەی بەوە کرد ئێران لە ساڵی 2019 دا گەورەترین دەوڵەت بووە لە پشتیوانی کردنی تیرۆر لە جیهاندا و بەردەوام بووە لە پشتگیری کردنی حزبوڵای لوبنانی، گروپە فەلەستینییەکان و گروپە چەکدارە شیعەکانی عێراق لە ناویاندا کەتائیب حزبوڵا، بزوتنەوەی نوجەبا، عەسائیب ئەهلول حەق وکۆمەڵێکی تری گروپی تیرۆرستی کە لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کاری تیرۆرستی دەکەن.

وەزارەتی دەرەوە ئاماژەی بەوەشکرد سوپاسی پاسدارانی ئێرانی بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بەشداری کاری تیرۆستی و کوشتنی هاووڵاتیانی ئەمەریکایی کردووە و هێزی قودسی سەر بە سوپای پاسداران ڕۆڵێکی باڵای هەبووە لە جێبەجێکردنی ئەم کارە تیرۆرستییە جهانیانەدا.

لە بەیاننامەکەدا نوسراوە لە سوریا ڕژێمی ئەسەد پشتگیری سیاسی و لەشکری لە گروپە تیرۆرستییەکان کردووە لە ناویاندا دابین کردنی چەک و پشتگیری سیاسی بۆ حزبوڵا و پەیوەندی بەشار ئەسەد و حزبوڵا و ئێران لە ساڵی 2019 دا توندتر بووە. ڕژێمی ئەسەد زیاتر پشتی بە لایەنە دەرەکییەکان بەست لە ڕووبەڕووبوونەوەی نەیارانی و کۆنترۆڵکردنی ناوچەکانی وڵاتەکەی. ئەو چەکدارانەی لە لایەن سوپای پاسدارانەوە پاڵپشتی دەکرێن تاکو ئێستا کارەکانیان لە سوریا بەردەوامە بە ڕەزامەندی ئەسەد.

واشنتن کۆریای باکوریشی تاوانبار کردووە بەوەی پەنای داوە بە چوار کەسی ژاپۆنی کە تاوانبارن بە ڕفاندنی فڕۆکەیەکی هێڵی ئاسمانی ژاپۆنی لە ساڵی1970 ئەمە جگەلەوەش کە چارەنوسی 12 ژانپۆنی نەزانراوە کە لە ساڵانی حەفتاکان و هەشتاکاندا ڕفێندرابوون.

سەبارەت بە ڤینزوێلا بەیاننامەکە دەڵێت قۆرخ کردنی دەسەڵات لەلایەن نیکۆلاس مادۆرۆ لە ناو ڤینزوێلا ڕێگر بوو بۆ هەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر. وەزارەتی دادی ئەمەریکاش مادۆرۆ و چەند ئەندامێکی پێشوی ڕژێمی ڤینزوێلا بە کاری تیرۆرستی و بازرگانی کردن بە ماددە هۆشبەرەکان تۆمەتبار دەکات.

سەربارەت بە کوباش وەزارەتەکە دەڵێت ئەو وڵاتە پەنای داوە بە چەند تیرۆرستێکی داواکراو بە تاوانی توندوتیژی سیاسی. بەشێکی زۆریش لەو تاوانبارانە دەیان ساڵە لە کوبان. کوبا داواکارییەکی کۆلۆمبیاشی ڕەت کردۆتەوە بۆ ڕادەستکردنی 10 کەس لە ڕێکخراوی لەشکری ڕزگاری نیشمانی کۆڵۆمبیا کە لە هاڤانا دەژێن. ئەو گروپە لە ساڵی 2019 بەرپرسیارێتی خۆی لە تەقینەوەی مانگی 1 ی ساڵی 2019 لە ئەکادیمیای پۆلیسیبۆگوتا گرتە ئەستۆ. لە ئەنجامی ئەو تەقینەوەیە 22 کەس کوژراون زیاتر لە 60 کەسیش بریندار بوون.

XS
SM
MD
LG