Accessibility links

ئێران ئاگاهی دەدات لەسەر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا


ئێران ئاگاهی دەدات لە ڕوودانی شکستێکی گەورە لە بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، ئەگەر بێتوو بە شێوەیەکی باشتر و فراوانتر وابەستەیی نەبێت بە ڕێنوماییە تەندروستییەکانەوە.

ئەم ئاگاهیدانەی ئێران لە کاتێکدایە گیان لە دەستدانی 45 کەسی تر بەهۆی کۆڤید 19وە ڕادەگەیەنێت.

لە ئێستاداهەرێمی خوزستان لە باشوری ڕۆژئاوای ئێراندا بۆتە چەقی پەتای کۆرۆنا و دەسەڵاتداران سەرلەنوێ ڕێوشێنەکانیان سەپاندۆتەوە بۆ ڕێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسی کۆرۆنا.

جێگری وەزیری تەندروستی ئێران بە تەلەفزیۆنی وڵاتەکەی وتووە، ئەم شکستهێنانە لە ناوچەی خوزستان بەهۆی وابەستە نەبوونی دانیشتوانی ناوچەکەوەیە بە ڕێنوماییە تەندروستییەکانەوە.

عەلی ڕیزا ڕەئیسی، بە دوریشی نەزانیوە لە ناوچەکانی تری ئێراندا هەمان شکست دووبارە ببێتەوە ئەگەر بێتوو وابەستەبوون نەبێت بە ڕێوشوێن و ڕێنوماییە تەندروستییەکانەوە.

ڕەئیسی دەڵێت، ئەگەر ڕەوشەکە بەم شێوەیە بڕوات ئەوا هێندەی پێویست بکات ڕێوشوێنی زۆر توندتر و قورستریش دەگیرێنەبەر.

هاوکات وتەبێژی حکومەتی ئێران ئاماژەی بەوە کردوە، کەمتر لە نیوەی دانیشتوانی خوزستان وابەستەی ڕێوشوێنەکانی خۆپاراستن و بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون.

بەپێی نوێترین ئاماری ئێران بڵاوی کردۆتەوە، تا ئێستا 6685 کەس لە وڵاتەکەدا بەهۆی کۆڤید19وە گیانیان لەدەستداوە.

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئێران دەڵێت 1683 کەسی تر لە 24 کاتژمێری ڕابردوودا توشی پەتای کۆرۆنا بوون و ئێستا سەرجەم ژمارەی توشبووان بە کۆرۆنا لە ئێراندا گەیشتۆتە 109 هەزار و 286 کەس.

هاوکات دەسەڵاتدارانی ئێرانی 1300 ماڵپەڕیان داخستوە و 320 کەسیشیان دەستگیر کردوە، وەک ئاژانسی فەرمی دەنگ و باسی ئێرنا دەڵێت تەواوی گیراوەکان بە ترساندنی ڕای گشتی لە وڵاتەکەدا گوناهبارکراون.

XS
SM
MD
LG