وەزیری تەندروستی تورکیا دەڵێت پەتای کۆرۆنا لە وڵاتەکەداکۆنترۆڵ کراوە، بەڵام هۆشداری دەدات پێویستە هاووڵاتیان بەدەوام ڕێنماییە تەندروستییەکان بەجێبگەیەنن.
ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی ڤایرۆسەکەوە لە تورکیاگیانیان لەدەستداوە لە 26 ی مانگی 4 وە بۆ هەر 24 کاتژمێرێک لە 100 کەس کەمتر بووە و ڕێژەی توشبوونیش بەرەو کەمبون دەڕوات بە بەراورد لەگەڵ مانگی ڕابوردوودا.
وەزیری تەندروستی فەهرەتین کۆجا گوتی " پەتاکە لەژێر کۆنتڕۆڵدایە بەڵام ڕاستی ڤایرۆسەکە نەگۆڕاوە. ماڵەکانتان پارێزراوترین شوێنن لە دژی ڤایرۆسەکە."
ئەو گوتیشی " تورکیا یەکەم قۆناغی شەڕی دژ بە کۆرۆنای تەواو کردووە بەڵام پێویستە ئێستا خەڵکی کۆنترۆڵی ژیانی کۆمەڵایەتی بکەن."
کۆجا هۆشداری لە بارەی قۆناغی دووەهەمەوە دا و گوتی تەنها لە کاتێکدا ئەو قۆناغە سەردەکەوێت کە خەڵکی ڕێنماییەکانی وەکو بەکارهێنانی ماسک و دروستنەکردنی قەرەباڵغی پەیڕەو بکەن.
دووکان و بازاڕەکان لە 11 ی مانگی 5 لە تورکیا بە شێوەیەکی سنووردار دەکرێنەوە بەڵام کۆجا هۆشداری دا ڕێستورانت و قاوەخانەکانی ناو مۆڵەکان ناکرێنەوە.
ساڵۆن و سەرتاشخانەکانیش ڕێگەیان پێدەدرێت بکرێنەوە بەڵام قەدەغەکردنی هاتوچۆ لە 31 شاردا لە ناویاندا ئانکەرە و ئەستەنبوڵیش لە ڕۆژانی پشووی هەفتەدا بەردەوام دەبێت.
هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە تورکیا نزیکەی 130 هەزار حاڵەتی کۆرۆنای تۆمار کردووە و بە پێی ئامارە فەرمییەکانیش 3،520 کەس بەوهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە.